لە بەریتانیا سەرتاشێک بەهۆی ناردنی پارەی کۆرۆنا بۆ داعش زیندانی دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە بەریتانیا سەرتاشێک سزای 12 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا، لەسەر ئەوەی ئەو پارەیەی لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وەکو پشتیوانی لە حکومەت وەریگرتووە، ناردوویەتی بۆ داعش لە سووریا.
 
بە گوێرەی بەرپرسانی دادوەریی بەریتانیا، تاریق نامۆز-ی تەمەن 43 ساڵ، خاوەنی سەرتاشخانەیە لە رۆژئاوای لەندەن، لانیکەم 11 هەزار و 280 پاوەند (کە دەکاتە 13 هەزار و 420 دۆلاری ئەمریکی)، لە نێوان تشرینی دووەمی 2020 و ئایاری 2021 بۆ داعش ناردووە لە سووریا.  
 
بەڵام کاتێک کە یەکێک لە هاوڕێکانی لە زیندان سەردانیکردبوو، باسی لەوە کردبوو کە 25 هەزار پاوەندی بۆ کەسێک بە ناوی یەحیا ئەحمەد عالیاوە ناردووە کە بە گوتەی خۆی "چەکدارێکی پێشووی داعش بووە."
 
نامۆز ئەو پارەیەی لە حکومەت وەرگرتبوو کە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی پەتای کۆرۆنا و داخستنی بازاڕەکان بە خاوەنکارەکان دەدرا. 
 
سەرتاشەکە لە ئایاری 2021 دەستگیرکرابوو، بەڵام نکوڵی کردبوو لەوەی پارەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرش بەکارهێنرابێت و بە پۆلیسی گوتبوو، پارەکەی ناردووە بۆ ئەوەی "یارمەتیی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی سووریا بدات"، بەڵام مانگی رابردوو، تۆمەتی هەشت جار پارەدارکردنی "تیرۆر"ی بەسەردا ساخکرایەوە. هەروەها دوو تۆمەتی هەبوونی زانیاری لەسەر "تیرۆر"ی بەسەردا ساخکرانەوە، لەسەر بنەمای دۆزینەوەی هەندێک ڤیدیۆ لە نێو تەلەفۆنەکەیدا. 
 
دادوەر پیتەر لۆدەر گوتی، تاوانبارەکە "تێوەگلاوە بە تیرۆر". 
 
نامۆز پێشتریش بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنێکی تەمەن 18 ساڵ لە یانەیەکی باکووری لەندەن لە ساڵی 2014 کاتێک کە خۆی خاوەنی بوو، بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرابوو، بەڵام لە ئەیلوولی 2019 بە کەفالەت ئازادکرابوو.