پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە حکومەت وەرگرتەوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە وەرگرتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران بودجەی 2025ـی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان خەرجکرد.
 
رۆژی چوارشەممە 04-12-2024 پەرلەمانی فەرەنسا بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەت کۆبووەوە. لە ئەنجامدا 331 ئەندام لە کۆی 577 ئەندامی پەرلەمانەکە دەنگیان لە دژی میشیل بارنیێ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان دا.
 
هۆکاری سەرەکیی تووڕەبوونی پەرلەمان ئەوە بوو؛ رۆژی دووشەممە 02-12-2024 سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا کە تەنیا 91 رۆژ بوو ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، بودجەی ساڵی 2025ـی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان تێپەڕاند. 
 
بەگوێرەی دەستووری فەرەنسا، سەرۆکوەزیران ئەو دەسەڵاتەی هەیە، بەڵام چەپ و راستە تووندڕۆکانی پەرلەمان ئەو هەنگاوەیان قبووڵنەکرد.
 
لە بودجەی 2025ـدا میشێل پلانی زیادکردنی باجی بەبڕی 60 ملیار دۆلار، کەمکردنەوەی خەرجیی حکومەت و پڕکردنەوەی کورهێنانی بودجەی دانابوو. ئەمە ناڕەزایەتیی گەورەی لێکەوتەوە.
 
ئەمە یەکەمجارە لە ساڵی 1962ـوە حکومەتی فەرەنسا متمانەی پەرلەمان لەدەستبدات، میشێل بارنیێش دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا کە کەمترین رۆژ لە پۆستەکەدا مابێتەوە.
 
دەرکردنی حکومەتی میشێلی میانڕۆ دوای ئەوە هات، هاوینی ئەمساڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا حکومەتی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند.
 
دوای هەڵبژاردن، پەرلەمان بەسەر سێ فراکسیۆن دابەشبوو، هیچ کامیان نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ زۆرینەبوون و پێکهێنانی حکومەت بەدەستبهێنن.
 
یائیل برۆن پیڤێ، سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا پێش داخستنی دانیشتنەکە گوتی "پێویستە سەرۆکوەزیران نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێشکی سەرۆکی وڵات بکات."
 
دوێنێ سێشەممە، ماکرۆن سەرکۆنەی پارتی (بەرەی نیشتمانی)ـی راستڕۆی تووندڕۆی کرد و بۆ پاڵپشتیکردنی لێسەندنەوەی متمانەش ئەوانی بە "گاڵتەجاڕی بەرگەنەگیراو" وەسفکرد.
 
ماری لوپێن، سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتمانی رایگەیاند "دەنگدانی لێسەندنەوەی متمانە بە سەرکەوتن نابینم، بەڵام ئەو هەنگاوە بۆ پاراستنی گەلی فەرەنسا بوو و بڕیارەکەش لەخۆڕا نەدرا، هیچ چارەسەرێکی دیکەمان نەبوو."
 
لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی ماکرۆن، لوپێن گوتی "من داوای لێناکەم دەستلەکار بکێشێتەوە، خۆی خاوەن بڕیاری کۆتاییە، بەڵام خەریکە گوشارەکان زۆر دەبن." ئێستا حکومەتی فەرەنسا هەرەسی هێناوە و بووەتە کاربەڕێکەر، تاوەکو هاوینی داهاتووش هیچ هەڵبژاردنێک بەڕێوەناچێت.
 
لۆرێنت واکیز، سەرۆکی راستڕۆکانی پەرلەمان رایگەیاند، هەردوولایەنی چەپ و راستی تووندڕۆ، "بەرپرسیاریێتیی لێسەندنەوەی متمانە لە ئەستۆ دەگرن، کە وڵاتەکە بەرەو ناسەقامگیری دەبات."
 
میشێل بارنیێ لە دانیشتنەکەی پەرلەمان ئامادەبوو و گوتی "من، لە لێسەندنەوەی متمانە ناترسم، بەڵام ئەگەر لاببرێم، سەختییەکان زیاتر دەبن."
 
سەندیکا جیاوازەکانی فەرەنسا داوایان لە مامۆستایان، فەرمانبەران و کارمەندانی فڕۆکەخانەکان کرد رۆژی پێنجشەممە 05-12-2024 بچنە سەر شەقام و لەدژی بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجیی مووچەکانیان کە بڕیارە پاییزی ساڵی داهاتوو جێبەجێبکرێت، خۆپیشاندان بکەن.
 
هەموو ئەم گرژییانە لەکاتێکدان، رۆژی شەممە 07-12-2024 بڕیارە ماکرۆن کاتێدرالی نۆتردام، لەدوای داخرانی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی 2019، بکاتەوە و یەکێک لە میوانەکانیشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندانی خەڵک لەبەردەم پەرلەمانی کۆریای باشوور دژی بڕیاری راگەیاندنی باری لەناکاو

تورکیا بۆ هاووڵاتییانی لە کۆریای باشوور: لە شوێنی قەرەباڵخ نزیک نەکەونەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی کۆریای باشوور دەکەن و داواشی لەو هاووڵاتییانەی کرد کە لەوێن، نزیکی شوێنە قەرەباڵخەکان نەکەونەوە.