جیهان
هەڵمەتەکەی پۆلیسی ئەڵمانیا بە بەشداریی زیاتر لە 500 ئەفسەر و پۆلیسی ئەڵمانی و هاوئاهەنگیی یۆرۆپۆل و پۆلیسی فەرەنسی کرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردن و گەڕان و پشکنینی بۆ سەر چەند شوێنێک کرد، بەمەبەستی دەستگیرکردنی تۆڕێکی قاچاخچیی کوردی باشووری کوردستان، کە تۆمەتبار کراون بەوەی کۆچبەریان بە بەلەم لە فەرەنساوە رەوانەی بەریتانیا کردووە.
هەڵمەتەکەی پۆلیسی ئەڵمانیا چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024 بە بەشداریی زیاتر لە 500 ئەفسەر و پۆلیسی ئەڵمانیی لە چەندین شاری رۆژئاوای ئەڵمانیا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ئەورووپا "یۆرۆپۆل" و پۆلیسی فەرەنسی کرا.
دوای ئۆپەراسیۆنەکە، پۆلیسی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "ئەو تۆڕە تۆمەتبارن بەوەی کۆچبەری نایاسایی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەفریقاوە رەوانەی فەرەنسا و بەریتانیا دەکەن، لە رێگەی بەلەمی چووپی هەرزان و کواڵێتیی نزمەوە."
لەو ئۆپەراسیۆنەدا، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر چەندین کۆگە و باڵەخانە، ئەمەش دوای بەدەستهێنانی بڕیاری دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو تۆڕە قاچاخچییە لەلایەن دادگەی شاری لیلی فەرەنسا.
هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی پۆلیسی ئەڵمانیا لە شارەکانی ئیسن، گلیسنکێرچن، گریڤنبرۆخ، بوخۆم و چەندین شاری دیکەی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە هەندێک لەو شوێنانە، ماڵی کۆچبەران بووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەکردووە؛ 20 لێکۆڵەری فەرەنسی و سێ بەرپرسی یۆرۆپۆل هاوکار بوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەرچەندە پۆلیس وردەکاریی زیاتری دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاونەکردوەوە، بەڵام دواتر نانسی فیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ستایشی هەوڵەکانی پۆلیسی ئەڵمانیای کرد و رایگەیاند ئەو ئۆپەراسیۆنە "لێدانێکی گەورەیە بۆ سەر تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی قاچاخچیی کۆچبەران."
لە بەیاننامەیەکدا، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند "ئەو چەتانە کە تووندوتیژی و هەڕەشە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بخەنە نێو بەلەمی بچووکەوە و لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە ژیانی ئەو خەڵکە دەخەنە مەترسییەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی رووبەڕووی ئەو بازرگانیکردنە بە مرۆڤ ببینەوە."
ئەو ئۆپەراسیۆنە لەدوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی بەلیجیکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا دێت، لە تۆڕێکی دیکەی قاچاخچی کە ئەندامەکانی بە هەمانشێوە کوردی باشووری کوردستان بوون و بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، 19 کەس دەستگیرکران.
تۆمەتبارەکان، سەرجەمیان لە ئەڵمانیا دەژیان و بەلەم و کەلوپەلی دیکەیان کڕیوە و رەوانەی شاری کالێی فەرەنسایان کردووە، لەوێشەوە بەو بەلەمانە، کۆچبەریان رەوانەی بەریتانیا کردووە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی ئەورووپا؛ ساڵی رابردوو نزیکەی 30 هەزار کۆچبەر لە رێگەی 600 بەلەمەوە لە فەرەنساوە چوونەتە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ