رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینای بە یارمەتیدانی گرووپە چەکدارەکانی سووریا تۆمەتبار کرد. نوێنەری ئێرانیش پاڵپشتیی تارانی بۆ دیمەشق دووپاتکردەوە. نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا هۆشداری لەبارەی دۆخی مرۆیی سووریا دا.
رۆژی سێشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داواکاریی جەزائیر، سیرالیۆن، مۆزەمبیق و گانا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەسەر رەوشی سووریا ئەنجامدا.
ڤێزیلی نیبینزیا، نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کرد، دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی دیکەی هاوپەیمانی لەلایەن ئۆکرایناوە پاڵپشتی دەکرێن. گوتی، "گرووپە یاخیبووەکانی هاوپەیمانیی دەستەی تەحریری شام نەک تەنیا ئەو راستییەیان نەشاردووەتەوە کە لەلایەن ئۆکرایناوە پاڵپشتی دەکرێن، بەڵکو بەئاشکرا پێشانیشی دەدەن".
نوێنەرەکەی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەروەها گوتیشی، "ئاماژەی روون هەیە دەریدەخات کە دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا چەکی بە گرووپە چەکدارەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا داوە، راوێژکارانی دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا لە سووریا هەن. ئەوان راهێنان بە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەکەن".
لە 27ـی مانگی تشرینی دووەمی 2024ـەوە، دۆخی سووریا بەرەو ئاڵۆزی چووە. ئەمە دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و هێزە نزیکەکانی دەستیان بە هێرشکردنەسەر سوپای سووریا و هێزە نزیکەکانی لە پارێزگای حەما کرد.
رووسیا لە 2015 لەنێو سووریا دەستوەردانی کرد و دۆخەکەی لە بەرژەوەندیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا گۆڕی.
ئێستاش کە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی هێرشیان کردووەتە سەر سوپای سووریا، ئەسەد بە هاوکاریی هێزی ئاسمانیی رووسیا بەرپەرچی گرووپە چەکدارەکان دەداتەوە.
"هەندێک وڵات لەپێناو دەستکەوتێک لەگەڵ تیرۆریستان مامەڵە دەکەن"
ڤێزیلی هەروەها بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە "بوێریی ئەوەیان نییە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە بکەن."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رۆبەرت وود، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، گوتەکانی نوێنەرەکەی رووسیای رەتکردەوە و گوتی، "هەر ئەوەی دەستەی تەحریری شام وەکو گرووپێکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکراوە، پاساو بۆ رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانە رووسەکانی نادات بەدەستەوە بۆ ئەوەی دڕندەیی زیاتر بکەن."
هەروەها قوسەی دەحاک، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "هەندێک وڵات بۆ ئەوەی دەستکەوتێک بەدەستبهێنن، لەگەڵ تیرۆریستان مامەڵە دەکەن. کێشەکە ئەوەیە کە کەمی ئیرادەی سیاسی و سیاسەتی دووژمنکارانە دژی وڵاتەکەم وایکردووە کە تیرۆر لە سووریا پێگەی خۆی بەهێز بکات."
نوێنەرەکەی سووریا گوتی، "ئەوانەی کە لە سووریا سپۆنسەری تیرۆر دەکەن، دەبێت ئەوە بزانن کە تیرۆر دواتر دژی خۆیان هەڵدەگەڕێتەوە".
ئەمیر سەعید ئیراوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی تارانی لە بەرامبەر دۆخی سووریا رایگەیاند و پاڵپشتی وڵاتەکەشی بۆ دیمەشق دووپاتکردەوە.
نوێنەرەکەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریا و گەلەکەی لە دژی تیرۆر نەگۆڕە".
هەروەها ئیراوانی گوتیشی، "ئێران بەتەواوەتی دان بە سەروەری سووریادا دەنێت و پاڵپشتی لەنێوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەکو دەستەی تەحریری شام دەکات".
ئێران لەوەتەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە 2011 دەستیپێکردووە، پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کردووە و لەڕووی سەربازیشەوە بە ناردنی راوێژکاری سەربازی هاوکاری حکومەتی سووریای کردووە. لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی دەستەی تەحریری شام بۆ سەر شاری حەلەب لە 27ـی ئەم مانگە، ئێران بە فڕۆکەی جەنگی چەکدارانی دەستەکە و گرووپەکانی نزیکی بۆردوومان دەکات.
"دۆخی سووریا ترسناک و مەترسیدارە"
گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی سووریا رایگەیاند، "لە هەفتەی رابردوودا، گۆڕانکاریی گەورە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە سووریا هەبوو کە بووە هۆی گۆڕانکاری لەو دۆخەی کە نزیکەی چوار ساڵ بوو هەبوو. دۆخەکە لە گۆڕاندایە و زۆر مەترسیدارە."
پێدەرسن ئاماژەی بەوەش کرد، "رووبەرێکی فراوان کەوتووەتە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان، لەوانە دەستەی تەحریری شام، کە لە لیستی تیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایش دایە و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە، لەوانە سوپای نیشتمانیی سووریا. ئەم گرووپانە ژمارەیەک ناوچەیان کۆنترۆڵکردووە کە پێشبینی دەکەین نزیکەی حەوت ملیۆن کەسیان تێدا بژی."
سەبارەت بە کاردانەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا، پێدرسن ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزەکانی حکومەتی سووریا دەستیان بە خۆڕێکخستنەوە و هێرشکردنە سەر هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ کردووە و پاشەکشەیان بە ژمارەیەک چەکدار کردووە. لەم ساتەدا کە قسەتان بۆ دەکەم، دۆخەکە سەختتربووە و دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی دیکە کۆنترۆڵی ناوچەی زیاتریان کردووە و نزیک بوونەتەوە لە حەما کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاترە لە یەک ملیۆن کەس."
سەبارەت بە بۆردوومانەکانی سوپای سووریا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان، پێدرسن دەڵێت، "بۆردوومانەکانی حکومەت لە چەند رۆژەدا زیادیان کردووە، بەشێکیان بۆ سەر ناوچەی چەکداری و سڤیل بوون، ژێرخانی سڤیل لەوانە نەخۆشخانە بە ئامانج گیراوە کە زیانی گیانی لە هاووڵاتییانی سڤیل داوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ