رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی کۆریای باشوور دەکەن و داواشی لەو هاووڵاتییانەی کرد کە لەوێن، نزیکی شوێنە قەرەباڵخەکان نەکەونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، درەنگی شەوی رابردوو 3-12-2024 راگەیێندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لەو هاووڵاتییانەی وڵاتەکەی دەکات کە لە کۆریای باشوور دەژین، ئاگاداری خۆیان بن و لە قەرەباڵخی دوور بکەونەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا، هەروەها جەختکراوەتەوە کە حکومەتی ئەنقەرە بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی کۆریای باشوور دەکات. هاوکات هۆشداری ئەوەی بە هاووڵاتییانی داوە ئەگەر تووشی هەر دۆخێکی نائاسایی بوونەوە، پەیوەندی بە باڵوێزخانەی تورکیا لە سیئۆل بکەن.
چی روویدابوو؟
سێشەممە، 3-12-2024، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی سەربازیی خستەکار، بەوەش سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد.
بڕیارەکە ناڕەزایی لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە. لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکە، سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە هەوڵی کودەتا و پشتگیریکردنی کۆریای باکوور تۆمەتبار کرد.
دوای بڕیارەکە خەڵکێکی زۆر چوونەسەر شەقامەکان و تووندوتیژی لەنێوان پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان روویدا. بەشێکی زۆری خەڵکیش لەبەردەم بینای پەرلەمان گردبوونەوە.
دواجار سەرۆک لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە و کۆتایی بە باری لەناکاو هێنا.
ئێستا هێزەکان کشاونەتەوە و رایانگەیاندووە، بەپێی فەرمانەکانی یاساکە کار ناکەن، بەڵام بەشێک لە خۆپێشاندەران باوەڕی تەواویان بە کۆتاییهاتنی دۆخەکە نییە و لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان ماونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ