جیهان
ڤلادیمیر زاڤادسکی، جێگری فەرماندەی فەیلەقی چواردە لە کەتیبەکانی باکووری سوپای رووسیا. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ناوچەی ڤۆرۆنێژی رووسیا رایگەیاند، ژەنەراڵێکی رووسی لە گۆڕەپانەکانی شەڕی ئۆکراینا کوژراوە. بەگوێرەی سەرچاوەکانیش، پلەدارەکە مینێکی رووسیای پێدا تەقیوەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەلێکساندەر گوسێڤ، پارێزگاری ڤۆرۆنێژی رووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام رایگەیاند، ژەنەراڵێکی رووسی لە کاتی ئامادەبوونی لە گۆڕەپانەکانی شەڕی ئۆکراینا کوژراوە.
ئەلێکساندەر گوسێڤ نووسیویەتی: ''بە خەم و پەژارە و ئازاڕێکی زۆرەوە، ڤلادیمیر زاڤادسکی، جێگری فەرماندەی فەیلەقی چواردە لە کەتیبەکانی باکووری سوپای رووسیا و لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای رووسیا، کوژراوە''.
لە دوای راگەیاندنی مەرگی زاڤادسکی لەلایەن پارێزگاری ڤۆرۆنیژ، کەناڵەکانی تەلەگرام بڵاویان کردەوە، کە ئەو پلەدارە سەربازییە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو لە ناوچەیەکی دوور لە گۆڕەپانی شەڕ مینێکی پێدا تەقیوەتەوە، کە دەگوترێت مینەکە لەلایەن رووسیاوە چێندرابوو.
لە سەرەتای شەڕی ئۆکرایناوە دەسەڵاتدارانی رووسیا بە کەم ئاماژە بە زیان و کوژراوەکانیان لە شەڕی ئۆکراینا دەکەن، راگەیاندنی کوژرانی ئەم پلەدارەش لە کاتێکدایە سوپای رووسیا لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەی ئەڤدیڤیکادایە لە هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکراینا.
شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی شەڕەکە نییە.
رووسیا بەشێکی هەرێمی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنتڕۆل کردووە، لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە و بەبەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
لە حوزەیرانی ئەم ساڵ، سوپای ئۆکراینا بە یارمەتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، هیرشی پێچەوانەی دژی سوپای رووسیا بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی دەستپێکرد.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەشی لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ