'دووژمنە هاوبەشەکە' ئێران و کووبا لە یەکدی نزیکتر دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری کووبا رایگەیاند، هەوڵدەدەن پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کووبا بدەن. ئەمەش لە کاتێکدایە هەردوو وڵات ئەمریکا بە نەیاری خۆیان دەزانن و هەردووکیان لە ژێر سزاکانی ئەمریکادان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی کانوونی یەکەم، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مێگیل دیاز کانیل، سەرۆککۆماری کووبا رایگەیاند، '' ئیرادەیەکی جدی لە نێوان ئێران و کووبا هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان.''
 
ئێران و کووبا بەڵێنیان دا پەیوەندییەکانی نێوانیان پتەوتر بکەن و پێکەوە دژی سزاکانی ئەمریکا کە بەسەریاندا سەپێنراوە بوەستنەوە.
 
بە گوتەی رەئیسی ئێران و کووبا خاڵی هاوبەشیان هەیە ئەویش ''دژی سیستەمی هەژموونخوازانە وەستاون.''
ئەمریکا لە ساڵی 1962ـەوە سزای بەسەر کووبادا سەپاندووە، لە هەمان کاتدا ئێرانیش بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە کەوتووەتە ژێر سزاکانی ئەمریکا.
 
بە گوتەی رەئیسی، پتەوکردنی پەیوەندییەکان "دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەری ئەو سزایانە."
 
رۆژی یەکشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2023، دیاز کانیل لە دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی گەیشتە تاران و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی کۆبووەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی سوپاسی تاران دەکات بۆ پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ "بەرەنگاربوونەوەی ئەو گەمارۆی تووندەی" کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراوە.
 
لە سەردانەکەی دیاز کانیل بۆ تاران، ئێران و کووبا حەوت یاداشتی لێکتێگەیشتن و پەیماننامەی هاوکاری لە بوارەکانی ''زانست، تەکنەلۆژیا، تەندروستی، کشتوکاڵ، وزە، کانگا، پەیوەندییەکان و پزیشکی''یان واژۆ کرد.

 

 
فیدێڵ کاسترۆ دوایین سەرۆکی کووبا بوو کە سەردانی ئێرانی کرد لە ساڵی 2001. حوزەیرانی ساڵی رابردووش ئیبراهیم رەئیسی لە چوارچێوەی سەردانێکی بۆ وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ''دۆستی ئێران'' سەردانی ڤەنزوێلا و هاڤانای پایتەختی کووبای کرد.
 
لە دوای کۆتاییهاتنی پشتیوانی سۆڤیەت لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کووبا رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری بووەتەوە.