رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەفریقای باشوور، بەشێکی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە پێیانوایە کە چیدی ئەو ئەفریقایە نەماوە کە نێڵسن ماندێلا سەرکردایەتیی دەکرد و دەڵێن، دیموکراسی پاشەکشەی کردووە.
ئەوەی لە سەرەتای دیمەنەکان دەردەکەوێت، کۆمەڵێک گەشتیارن لە شاری جۆهانسبێرگی باشووری ئەفریقا لەبەردەم خانووەکەی نێڵسن ماندیلای سەرکردەی ناسراوی ئەو وڵاتە.
پرۆسپەر نکۆسی هەروەکو زۆر لە خەڵکی ئەفریقای باشوور، پێیوایە لەدوای 10 ساڵ لە مردنی ئەو سەرکردەیە، دیموکراسی وڵاتەکەیان لە پاشەکشەدایە.
نکۆسی، دەڵێت، "ئەو کارانەمان خۆشدەوێت کە ئەو کردنی. ئەو ئازادییەمان خۆشدەوێت کە ئەو پێیبەخشین. هیوادار بووم رێبازەکەی بەردەوام بێت".
بڕیارە لە ئایاری 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەفریقای باشوور بەڕێوەبچێت کە هاوکاتە لە تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر یەکەم هەڵبژاردنی دیموکراسی و دیارییکردنی یەکەم سەرۆکی دیموکراسیانەی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی دیموکراسی ئیندێکس، تایبەت بە دۆخی دیموکراسی، لە کۆی 167 وڵاتی جیهان، ئەفریقای باشوور لە پلەی 47مینە، دوای ئەوەی لەساڵی 2021، لە پلەی 45ـەمین بووە و دوو پلە هاتووەتە دواوە. هاووڵاتیان بەربڵاوی گەندەڵی بە هۆکاری سەرەکی ئەو پاشەکشەیە دەزانن.
نجابولۆ منگادی، هاووڵاتییەکی ئەفریقای باشوورە و دەڵێت، "ئەگەر ئێمە رۆحیەتی ماندێلامان هەبێت و هەوڵی گۆڕانکاری بدەین، ئەگەریش بتوانین پێکەوە کار بکەین و یەکگرتوو بین، دەتوانین پێشبکەوین و ژیانێکی نوێ بنیاتبنێین".
پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی کە پارتەکەی ماندێلایە، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا، ئەگەری هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا دووچاری شکست بێت و بەگوێرەی دوایین راپرسی بۆ یەکەمجارە رێژەی دەنگدانیان لەخوار لەسەدا 50 بن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆربەری بەرپرسەکانی تۆمەتی گەندەڵیان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ