تەندروستیی جیهانی: ساڵانە بەهۆی پیسبوونی هەواوە حەوت ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
سێ کۆشکی هاوشێوە لە شەقامێکی نزیک لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی داندراون؛ لە رێگەی پرۆگرامی کۆمپیوتەرییەوە پێکهاتەی هەوای نێو هەریەک لەو کۆشکانە وەکو هەریەک لە شارەکانی نیودەلهی، پەکین و لەندەنیان لێکراوە.
جەین بێرستۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی هەوای پاک دەڵێت، "کاتێک دەچیتە ژوورەوە بۆنی ئاستی پیسبوونی هەوای ئەو شارانە دەکەیت و ئەزموونی ئاستی بینین دەکەیت، لەوانەیە هەستی پێبکەیت کاتێک دەچیتە ئەوێ."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، چڕیی 2.5 مادەی گەردیلەیی لە هەوادا بە تەندروست داناوە، بەڵام هەوای شاری نیودەلهی 35.2 ئەوەندەی ئاستی دیاریکراوە؛ ئەمساڵیش بەهۆی پیسیی هەوای شارەکەوە 34 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەدوای ئەویش، هەوای پەکین دێت کە 9.6 ئەوەندەی ئاستی دیاریکراوە؛ ئەمساڵ لەو شارەش بەهۆی پیسیی هەواوە 29 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. هەوای شاری لەندەنیش نزیکەی 2 ئەوەندەی ئاستی دیاریکراو پیسە و ئەمساڵ بەهۆی پیسیی هەواکەیەوە 7000 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کریستۆفەر کینسیند، بەشداربووی کۆنفرانسی کەشوهەوای UN لە دوبەی ئاماژە بەوە دەکات، "کاتێک کەمێک هەوای پاکت هەیە، بە ئاسایی وەریدەگریت، بەڵام کاتێک هەست بە خراپییەکەی دەکەیت، ئەوا بە دڵنیاییەوە قەدری پێویستیی پاراستنی ژینگە دەزانیت."
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، چالاکییەکانی مرۆڤ، لەنێویاندا بەکارهێنانی سووتەمەنییەکان، هۆکاری هەرە لەپێشینەی پیسبوونی هەوان. هاوکات، ساڵانە بەهۆی پیسبوونی هەواوە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن.