چارەنووسی رۆژئاوا پاش لووتکەی ناتۆ

04-12-2019
رووداو @Rudawkurdish
لە پەراوێزی ئەو لووتکەیە شتی زۆر روویاندا کە سەرنجی میدیاکانیان بۆلای خۆیان راکێشا
لە پەراوێزی ئەو لووتکەیە شتی زۆر روویاندا کە سەرنجی میدیاکانیان بۆلای خۆیان راکێشا
نیشانەکردن ناتۆ رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
رووداو-لەندەن

لووتکەی دوو رۆژەی ناتۆ کە بەبۆنەی 70 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوەکە لە بەریتانیا رێکخرابوو، کۆتاییهات. ئەوەی لە لووتکەکە جێی سەرنج بوو پرسی رۆژئاوای کوردستان بوو لەنێوان تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ.
 
کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان یەکێک بوو لەو سەرنجانە، کە تێیدا باس لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و کورد و رێککەوتنی ئاگربەستکرا کە بووە هۆی وەستانی شەڕ لەنێوان تورکیا و هەسەدەدا.
 
هەرچەند راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەکە باسی لە خەرجکردنی بودجەی بەرگری زیاتر و بەهێزکردنی ناتۆ لەبەردەم تەحەدا دەرەکییەکان وەکو رووسیا و چین و شەڕی تیرۆر کردەوە، بەڵام لە پەراوێزی ئەو لووتکەیە شتی زۆر روویاندا کە سەرنجی میدیاکانیان بۆلای خۆیان راکێشا.
 
هێمن عەبدوڵڵا، نێردراوی رووداو بۆ لووتکەی ناتۆ بە وردی باسی ئەو شتانە دەکات کە لە پەراوێزی لووتکەکە روویانداوە بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە رۆژئاوای کوردستانەوە هەبووە.
 

 

 

ئەردۆغان بە دەستکەوتەوە دەگەڕێتەوە؟
 
کە ئەردۆغان هات بۆ لەندەن لە فڕۆکەخانە قسەیکرد و گوتی دەبێ لە راگەیێندراوەکەدا یەپەگە وەک تیرۆریست بناسرێت. لە دوو رۆژی رابردوو سەرکردەکانی ناتۆ دەیانگوت کە ئەمە ناکرێت، بەڵام ئێستا کە ئەردۆغان دەگەڕێتەوە پێموایە بە دەستی پڕەوە دەگەڕێتەوە چونکە ئەو بە تیرۆریست ناساندنی یەپەگەی وەک خاڵی دانوستاندن و ئاستی هەرەباڵای دەستکەوت دانابوو.
 
ئەو کۆبوونەوەی رۆژی رابردوو کە لەگەڵ ماکرۆن، جۆنسن و مێرکڵ هەیبووە، لە کۆبوونەوەکە رێککەوتنێک یان لێکتێگەیشتنێک لەنێوان سەرۆکی تورکیا و لەنێوان سەرکردەی ئەو وڵاتانە کراوە. هەر ئەمشەو ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گوتی، "لێکتێنەگەیشتنێک لەنێوانماندا هەبووە کە ئەوە رەویوەتەوە، ئێمەش پەکەکەمان پێ تیرۆریستە و پێشمانوایە هەرکاتێک لە سنووری سووریاوە هەڕەشە لەسەر تورکیا دروست بێت ئێمەش قبوڵی ناکەین و نابێ قبوڵ بکرێ بە هیچ شێوەیەک. بەڵام کێشەی سووریا دەبێت بە یاسایی چارەسەربکرێت".
 
رەنگە لە قۆناخی داهاتوودا فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا هانی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان و هانی کوردەکانیش بدەن پێکەوە شتێکی نوێ دروستبکەن کە مۆرکی پەکەکەی پێوە نەبێت چونکە ناتوانن هاوپەیمانەکەیان کە تورکیایە نیگەران بکەن و ئەو قەیرانانەی وەک ئەمجارە دروستبوون لەگەڵ تورکیا دروستی بکەنەوە. هێشتا زۆر پێویستیان بە تورکیایە و پێویستیان بە قەیرانی دیکە نییە.

 

 
دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانیش ئەردۆغان زۆر دڵخۆش نەبوو لە وێنە و ڤیدیۆکاندا کە دەردەکەوت، بەڵام کە لەگەڵ ترەمپ قسەی دەکرد دڵخۆش بوو کە رەنگە هەندێ دەستکەوتی هەبووبێت.
 
سەرکردەکان دەیانویست لەبەرامبەر ترەمپەوە بوێر دەربکەون
 
سەرەڕای ئەو هەموو ناکۆکیانەی کە هەبوو و ئەو قسە زبرانەی دەکران بەڵام ئەوەی کە پێی دەڵێن زمانی جەستە لەنێوان سەرکردەکان شتی زۆر سەرنجڕاکێشی تێدابوو. جووڵەی مارەکە دوێنێ دەستیپێکرد کاتێک ماکرۆن زۆر بێمنەتانە بەرامبەر ترەمپ قسەی دەکرد، ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە واشنتن لەگەڵ ترەمپ دانیشتبوو لەوێ ترەمپ قسەیەکی کردو بەدڵی نەبوو و وەڵامی دایەوە و گوتی وانییە، لە میدیای هۆڵەندی ئەمە زۆر دەنگی دایەوە و لێیان پرسی چۆن ئەو قسەیەت کرد و ئەگەر دوایی ترەمپ شتێک بکات بەرامبەر هۆڵەندا، بۆیە ماکرۆنیش وادەردەکەوت کە لەنێو سەرکردەکانی ناتۆدا وێراویەتی قسە بکات.

 

 
هەروەها لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوبووەتەوە ترۆدۆ گاڵتە بە ترەمپ دەکات، هەرچەند ئەم ئێوارەیە گوتی من باسی شتێکی دیکەم کردووە بەڵام لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە چۆن گاڵتەدەکەن و ماکرۆنیش باسی ئەوە دەکات کە چەند ئازابووە.

 

 
شتێکی دیکە کە ئەمڕۆ جێی سەرنج بوو ئەوەبوو کە لە دوێنێوە جۆنسۆن زۆر کێشەی ئەوەی هەبوو ترەمپ خۆی لێ نزیکبکاتەوە چونکە هەفتەیەکیان ماوە هەڵبژاردن لە بەریتانیا بکرێت، ئەو دەڵێت پێموایە نابێت دەستوەربدەینە کاروباری یەکدی بۆیە پێمانوایە ترەمپیش ئەوە ناکات، کە ترەمپیش هات زۆر فشاری لەخۆی دەکرد باسی خۆنسۆن نەکات چونکە هاوڕێیەتی بەڵام بەناڕاستەوخۆ هەر باسیکرد. هەر ئەمڕۆش میدیاکانی بەریتانیا گومانیان خستبووەسەر ئەو هەڵسوکەوتانەی جۆنسن و ترەمپ و باسیان لەوەکردووە کە ئەو پەیوەندییەی پێکەوە هەتانە بەوە ناشاردرێتەوە کە لە کۆشکی باکینگهام خۆی لێ لادەدا.
 
ئەمڕۆ کە رێوڕەسمی تەوقەکردنەکە هەبوو، ترەمپ لە خولەکی دوازدەیەم هەموو سەرکردەکان تەوابوون و تەوقەیانکرد پێکەوە، تاوەکو خولەکی 17یەم ترەمپ نەهات، ترەمپ کە هات زۆر بە گەرموگوڕی بەرەو جۆنسن رۆیشت بەڵام جۆنسن پێی وت پێشتر وتوومە ئەوەندە لێم نزیک مەبەوە.

 

 
ئەوانەی لەکاتی رێوڕەسمی تەوقەکردنەکەدا هەڵەیانکرد و پرۆتۆکۆلەکەیان پێشێلکرد ترەمپ و ئەردۆغان بوون هەردووکیان راست و چەپیان لە بەریتانیا لێ تێکچوبوو، لە چەپەوە هاتن دەبوایە لە راستەوە بڕۆنە خوارەوە بەڵام هەردووکیان جارێکی دیکە بەرەوچەپ رۆشتنەوە خوارەوە.
 

سەرۆکی چیک کە هات زۆر زۆر پیربووە و بەناوبانگیشە کە سەرۆکێکی بەتەمەنە، بە جۆنسنی گوت خۆشحاڵم جارێکی دیکەش تۆم بینییەوە وەک بڵێ (ئۆخەی نەمردم) و لەکاتی رۆشتنەوەشیدا جارێکی دیکە گوتی، خۆشحاڵم تۆم بینییەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.