25 ساڵ بەسەر ناردنی یەکەم SMS تێپەڕی

04-12-2017
دیار کوردە @diyarkurda
یەکەم نامە تایبەت بوو بە پیرۆزبایی کریسمس
یەکەم نامە تایبەت بوو بە پیرۆزبایی کریسمس
نیشانەکردن نامە مۆبایل
A+ A-

رووداو - هەولێر

یەکەمجار کە مۆبایل دروستکرا، تەنیا بۆ پەیوەندی دەنگی بوو، دواتر ناردنی تێکستی بۆ زیادکرا، ئەمەش 25 ساڵ بەر لە ئێستابووە، کە بۆ یەکمینجار لە بەریتانیا نامەی نووسراو (SMS) لەڕێگەی مۆبایلەوە نێردراوە.

نیل پاپوۆرت، ئەو پیاوەی یەکەم نامەی SMSـی لە مۆبایل ناردووە، دەڵێ "یەکەم نامە، پیرۆزبایی کرسمس بوو، نامەکە بۆ ریچارد یارڤیس، بەڕێوەبەری ئەو کاتەی ڤۆدافۆن، کە ئەو کاتە ئاهەنگی کریسمسی ڤۆدافۆن بوو نێردرا. یەکەمجار مۆبایلەکان تەنیا نامەیان پێدەگەیشت و، نەیاندەتوانی نامە بنێرنەوە. دەبووایە نامەکە لە کۆمپیوتەر ئامادەبکرێت، بەڵام لە ساڵی دواتردا، توانرا نامە لەڕێگەی تەلەفۆنیشەوە بنێردرێت".

ئێستا بەدەگمەن خەڵک هەیە مۆبایل یان مۆبایلێکی زیرەکی نەبێت، بەڵام ئەو مۆبایلەی ئێستا بەردەستە، بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕیوە، تاوەکو گەیشتووەتە ئەو ئاستە بەرزەی پێیدەگوترێت مۆبایلی زیرەک، یان سمارت فۆن.

مۆبایلە زیرەکەکان، ئێستا بەدەر لە ناردنی نامەی تێکست، هاوکات چەندین کارئاسانی دیکەش بۆ بەکارهێنەرانیان دەکەن، وەکو: وێنەگرتن، پەیوەندی ڤیدیۆیی و، دەیان کارئاسانی دیکە.

ئیلیزابێس برونتن، لە مۆزەخانەی زانستی، بەشی تەکنۆلۆژیا دەڵێ "بۆ یەکەمجار ئێمە ئەو مۆبایلەمان هەبوو کە تەنیا بۆ پەیوەندیکردن و، نووسینی چەند پیتێک بەکاردەهات، بەڵام توانیمان بەکارهێنانی مۆبایل تەنیا بۆ قسەکردن تێبپەڕێنین و، مۆبایلێک دروستبکەین، کە بتوانێت بەتەواوەتی تێکست بنێرێت، بە تێپەڕبوونی کاتیش ئێستا دەبینین بە سەتان هەزار ئەگەر بە ملیۆنانیش نەبێت، ئەپلیکەیشنمان لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانمان هەیە. دەکرێت SMS وەکو یەکەمین هەنگاو لە مۆبایلی زیرەک دابندرێت"

پێش ساڵی 2012 لە بەریتانیا لەماوەی ساڵێکدا، تەنیا 156 ملیۆن نامەی تێکستی لە رێگەی مۆبایلەوە دەنێردران، بەڵام ئێستا بەگوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لە رۆژێکدا زیاتر لە 96 ملیۆن نامەی تێکستی دەنێردرێن، ئەمەش واتە زیادکردنی ناردنی تێکست لە رێگەی مۆبایلەوە.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە