دوایین راپرسی: 87٪ـی رەشپێستەکانی ئەمریکا پاڵپشتیی هاریس دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لایەنگرانی کامالا هاریس لە زانکۆی میشیگن لە شاری ئێست لانسینگ کۆبوونەوە و چاوەڕێی دەستپێکردنی بانگەشە دەکەن، ئەو لایەنگرانە بەشێکی زۆریان رەشپێستن.
دانی هارپەر، قوتابیێکی رەشپێستە و دەڵێ "ئەو سەرکەوتوو دەبێت. کامالا هاریس دەبێتە سەرۆکی وڵات و لەو پۆستەدا دەیبینین. ئەو دەبێتە یەکەمین ژنە رەشپێست، کە ببێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان."
میشیگن ویلایەتێکی یەکلانەبووەوەیە و 20٪ـی دانیشتووانەکەی رەشپێستن.
لە راپرسی رۆژنامەی دیترۆیت فری پرێس کە مانگی ئاب لە ویلایەتەکە کرا، دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان رێژەی 47٪ و هاریسیش 45٪ـی دەنگی بەشداربووانیان دەهێنا. بەڵام بە گوێرەی نوێترین راپرسی کە ئەم هەفتە بڵاوبووەوە، هاریس 48٪ و ترەمپیش 45٪ـی دەنگەکان دەبەنەوە. هەروەها، ئێستا هاریس 87٪ـی رەشپێستەکانی ویلایەتەکەی لەگەڵدایە، لەکاتێکدا مانگی ئاب تەنیا 69٪ـیان پاڵپشتییان دەکرد.
لۆری گارسیا کارتەر، ژمێریارە لە ویلایەتی میشیگن و دەڵێ "تامەزرۆم، هیوادارم و دەمەوێت کامالا هاریس براوە بێت و ترەمپ بووەستێنێت. بێزارم لەو جیاوازی و هەموو شتە خراپ و درۆیانەی ترەمپ."
هەروەها لە شاری ماکۆنی ویلایەتی جۆرجیا کە 30٪ـی دانیشتووانەکەی رەشپێستن. ژمارەیەک لایەنگری ترەمپ گردبوونەتەوە و پاڵپشتی خۆیانی بۆ دەردەبڕن.
بە گوێرەی دوایین راپرسیی ئەتڵەنتا جۆرناڵ کۆنستیتیوشن، 77٪ـی رەشپێستەکانی ئەم ویلایەتە یەکلانەبووەوە، پاڵپشتیی هاریس دەکەن و 22٪ـیان پاڵپشتی ترەمپن، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمتر لە 10٪ـیان پاڵپشتییان دەکرد.
لێندا، یوتیوبەرە و دەڵێ "هەموو ئەوەی ترەمپ گوتوویەتی، هاوڕام لەگەڵیدا، بەتایبەت ئازادی ئایینی. ئەو پاڵپشتی لە ئازادیی رادەربڕین دەکات، سنوورەکانمان دەپارێزێت و ئابوورییەکەمان باشتر دەکات، بۆیە پاڵپشتیی ترەمپ دەکەم."
کرستینا ویلەر، پسپۆڕی تەکنەلۆژیای زانیارییە و بەهەمان شێوە لێندا لایەنگری ترەمپە، ئەویش دەڵێ "کاتێک ترەمپ سەرۆک بوو ئابوورییەکەمان باشتر بوو، هەموو شتێک ئەوکات باشتر بوو."
لە 346 ملیۆن دانیشتووی ئەمریکا، 42 ملیۆنیان رەشپێستن. بەگوێرەی دوایین راپرسیی ئێن بی سیی ئەمریکی، 87٪ـی رەشپێستەکان پاڵپشتیی هاریس دەکەن و 9٪ـیان پاڵپشتی ترەمپن، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی پێشوو 12٪ـیان پاڵپشتییان دەکرد.