لە هەفتەیەکدا نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە ریکلامی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا خەرجکراوە
رووداو دیجیتاڵ
تەنیا هەفتەی رابردوو نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە ریکلامی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا خەرجکراوە، ئەمەش وەکو داتای پێگەی AdImpact خستوویەتیەڕوو.
لە 27ی تشرینی یەکەم تاوەکو 2ی تشرینی دووەم بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پێکەوە 994 ملیۆن دۆلاریان لە ریکلامدا خەرجکردووە، کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر 10ی ئەو 10 ملیار دۆلارەی لە سەرەتای 2023وە بۆ ئەو مەبەستە خەرجیان کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە سبەی سێشەممە 5ی تشرینی دووەم سەرۆکی نوێی ئەمریکا، هەر 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 34 لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن.
چاوەڕوان دەکرێت 300 ملیۆن دۆلاری دیکەش تێچووی ریکلامە سیاسییەکانی رۆژانی یەکشەممە تاوەکو سێشەمەی ئەم هەفتەیە بێت.
ریکلامەکان ئەوانە دەگرێتەوە کە لە ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤیزیۆنەکان بڵاودەکرێنەوە.
ئەو ریکلامەی هەفتەی رابردوو زۆرترین پارەی تێدا خەرجکراوە، ریکلامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بووە، کە بڕەکەی 272 ملیۆن دۆلار بووە.
ترەمپ نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار زیاتری لە هاریس خەرجکردووە.
267 ملیۆن دۆلاری دیکە لە ریکلامی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و گشتپرسییەکان خەرجکراوە، واتە لەلایەن بەربژێرانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتەکان، ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و دەستەی قوتابخانەکان.
لە ویلایەتی فلۆریدا، 19 ملیۆن دۆلار لە ریکلامەکانی گشتپرسیی مافەکانی لەباربردن و 18.5 ملیۆن دۆلاری دیکە لە گشتپرسیی بەیاساییکردنی ماریوانا خەرجکراوە.
زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری دیکە لە ریکلامی گشتپرسیی کالیفۆرنیا لەسەر کۆنترۆڵکردنی پارەی کرێی خانووبەرە خەرجکراوە.
227 ملیۆن دۆلاری دیکە لە ریکلامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران خەرجکراوە.
208 ملیۆن دۆلاری دیکە لە لایەن بەربژێرانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە ریکلام خەرجکراوە.
تێچووی ریکلامی حاکمی ویلایەتەکانیش 18 ملیۆن دۆلار بووە.