رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانییەکانی مێردین و ئێلیهـ و شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای روها-ی باکووری کوردستان دانرا. پارێزگاری ئەم شارانە، سەرباری ئەرکەکانیان، بە سەرۆکشارەوانیی قەیومکراو دامەزران. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هەر زوو هێزە ئەمنییەکانی ناردە باڵەخانەی شارەوانییەکان و گەمارۆیدان. ئەم سێ شارەوانییەی قەییومیان لەسەر دانراوە، سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتین.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین دانرا. ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ لە شوێنی گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیە و لە شوێنی محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی خالفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی شارۆچکەکەی روها بە قەییوم دانرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەمەش نەوەستا، دوای سەپاندنی قەییوم، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهتههڵدان و سهكۆدانانی بۆ ماوەی 10 رۆژ قەدەخە کرد.
ئەحمەد تورک یەکەمی بێ رکابەری قەییومە
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی بەناوبانگی کورد، بە تەنزەوە رایگەیاند، "پێدەچێت ناوم لە کتێبی ژمارە پێوانەییەکانی گینیس تۆمار دەکرێت بەهۆی ئەوەی سێ جار قەییوم کراوم." ئەحمەد تورک لە ساڵی 2014 لەسەر لیستی بەدەپە، لە ساڵی 2019 لەسەر لیستی هەدەپە و لە ساڵی 2024 لەسەر لیستی دەم پارتی بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردرا.
بۆچی قەییوم کران؟
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی دانانی قەییوم لەسەر ئەو سێ شارەوانییەی دەم پارتی بڵاوکردەوە و تێیدا دۆسیەکانی دژی هاوسەرۆکانی دەم پارتی کە قەییومیان بۆ دانراون، ریزبەند کرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دانانی قەییومی گەڕاندووەتەوە بۆ؛ سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی ئەحمەد تورک، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" لە دۆسیەی کۆبانێ، دۆسیەی بەردەوامی دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" و بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مێردین بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.
لەبارەی گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیهـ، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی ئێلیهـ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" دراوە، هەروەها ئەو دوو لێکۆڵینەوە جیاوازەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئێلیهـ بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" و "ئەندامبوون لە رێکخراو" وەکو پاساوێک بۆ دانانی قەییوم ئاماژەی پێدراوە.
لەبارەی محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی خالفەتی، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی دیلۆکەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" دراوە، لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی روها بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" کراوە، وەکو پاساوێک بۆ دانانی قەییوم ئاماژەی پێدراوە.
گرژی روویدا 75 هاونیشتمانیی دەستگیرکران
بەرپرسانی دەم پارتی، داوایان لە ئەندامان و هەوادارانیان کرد لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکان گردبنەوە و خۆپیشاندان بکەن. هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیهـ و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە یەکەم کەس بوون لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی کۆبوونەوە و داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کرد شوێنەکە چۆڵبکەن. هێزە ئەمنییەکان ئەو داواکارییەیان رەتکردەوە و بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا رووی دا.
سۆنگول سۆنوک گوتی: "ئەو بڕیارە نایاساییە قبوڵ ناکەن و رێگە نادەن ئیرادەی خەڵک پێشێل بکرێت." سۆنوک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداردا بە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیمان بردەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بگوترێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئیرادە پێشێل کرا. ئێمە هەرگیز ئەم رژێمە تاڵانکار و زەوتکارەمان قبووڵ نەکردووە و ئێستاش قبووڵی ناکەین".
ئەحمەد تورک لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، "هەرگیز کۆڵ نادەین و لە خەبات بۆ دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی هەنگاو بۆ دواوە نانێین. ئێمە رێگە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل نادەین."
ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دەڵێت: "ساڵی 2011 گوتارێکم لە سێرت پێشکێشکرد کە ئەو گوتارە وەک هۆکار نیشان دەدەن. کەیسی ئەو گوتارە پێشتر داخرا، دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بڕیاری داخرانی هەڵدەوەشێننەوە و داوای دادگەیی دەکەن. جگە لەوە دۆسیەی کۆبانێ هەیە کە پرۆسەکە بەردەوامە. بەڵام کاتێک بەربژێر بووم، دۆسیەی کۆبانێ هەر هەبوو، خۆ شتێکی تازە نییە".
ئەحمەد تورک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "شارەوانیی ئێمە داگیرکراوە. ئێمە لە دۆخێکداین کە شارەوانی بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە. کاردانەوەی خەڵک ئاشکرایە. درێژە بە خەباتی دیموکراسیمان دەدەین. گوتارێک کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سێرت پێشکەشم کردووە کراوە بە پاساو. ئێرە داگیرکراوە و خەڵک سەرکۆنەی دەکەن. گەلەکەمان دژی ئەو تێگەیشتنە ناڕەزایەتی دەردەبڕن کە ئیرادەیان قۆرخ دەکات" .
دوای دانانی قەیوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین و شارەوانیی ئێلیهـی باکووری کوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووها دانرا. هێزە ئەمنییەکان زوو رێوشوێنی ئەمنیی تووندیان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی خەلفەتی گرتەبەر و دوای دانانی قەیوم، محەممەد قەرەیڵان دەستبەسەرکرا. محەممەد قەرەیڵان رایگەیاند، ئەم جۆرە دامەزراندنانە دەستوەردانێکە بە پێچەوانەی ویستی خەڵک.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، "بەهۆی نانەوەی گرژی و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نایاسایی" تاوەکو ئێستا 75 کەس دەستگیرکراون.
کاردانەوەکان
دوای ئەوەی گەورەشارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و خەلفەتی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە قەیووم کران، ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەسەڵاتی بە "عەقڵ لەبارچوو و دەستپیس" ناوبرد و هۆشداریی پێدا.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە ئێکس نووسیویەتی:"ئەم بەیانییە لە تورکیا قەییوم لەسەر ئەحمەد تورک و دوو سەرۆکشارەوانیی دیکەی هەڵبژێردراو دانرا. ئەحمەد تورک، ئەو سیاسەتڤانەی کاتێک باسی ئاشتی دەکرێت، یەکەمین ناوە دێتە بیرمان و یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی دیالۆگی سیاسییە".
ئۆزگور ئۆزەل رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت بەوەی پەندی لە رووداوەکانی پێشتر وەرنەگرتووە، گوێی بە هیچ نەداوە و لەڕێی بەکارهێنانی زەبر دەست بەسەر ئەو شارەوانییانەدا دەگرێت کە نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت. ئۆزەل هەروەها دەڵێت: "ئێمە رووبەڕووی روودارییەکی وەهاین کە عەقڵێکی لەبارچوو، دڵێکی خراپ، دەستێکی پیس و دۆخێکی بێشەرمانەیە". هەروەها هۆشداریی داوەتە دەسەڵات و نووسیویەتی "ئاگادارتان دەکەمەوە، خەریکە قسە کۆتایی دێت"
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لەبەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی ئێلیە رایگەیاند، "دەسەڵات بنمیچ و چوار دیواریان قەییوم کرد، نەیانتوانی ئیرادەی گەل تاڵان بکەن. شارەوانیی بۆ ئەوان باڵەخانەیە، بۆ ئێمە گیانە، خەڵکە. دەسەڵات چەندینجارە قەییوم بەسەر شارەوانییەکانمان دەسەپێنێت، خەڵکیش لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا دیسان دەریان دەکات و نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرێت."
هاتیمئۆغوڵڵاری راشیگەیاند، "قەییوم کودەتای سیاسییە لە رێگەی دادگە و پۆلیس کرا. ساڵی 1982 سەربازەکان بە پۆستاڵ کودەتایان کرد، ئەمڕۆش دەسەڵات بە گازی فرمێسکڕێژ و کەلەپچەی پۆلیس کودەتایان کرد."
حوسێن چەلیک، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و وەزیری پێشووتری پەروەردەی تورکیا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە: "گرنگ نییە لە چ پلە و پۆستێکدا بێت، تاوانبار دەبێ باجی تاوانەکەی بدات. تا دادگە بڕیار نەدات، تاوانبار بێبەرییە. سەرباری ئەمەش، ناکرێ بەبێ بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگە، تاوانبار دەستگیر بکرێت و لەکارلابدرێت. بڕیاری قەییوم، زیانە بۆ هزری مرۆڤ. نابێ قەییوم بسەپێندرێت، بەپێی رێکارەکانکەسێک لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە بەکۆی دەنگ هەڵدەبژێردرێت. قەییوم کارێکی هەڵەیە."
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت و لە هەژماری ئێکس نوسیوویەتی: "هەفتەیەک پێش ئێستا یاریدەدەری سەرۆککۆمار، وەزیری داد، وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری روها، فەرماندەیی هێزی جەندرمە و چەندین بەرپرسی ئاکپارتی و حکومەت، دەستی ئەحمەد تورک-یان گرت بۆ ئاشتکردنەوەی دوو خانەوادەی دوژمندار لە روها. کەچی دوای هەفتەیەک لەکار لایدەدەن و قەییوم-ی بەسەردا دەسەپێنن."
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا گوتیشی: "ئێمە قەیووم بەهەموو جۆرەکانییەوە رەتدەکەینەوە."
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا و یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاکپارتی، بەتووندی سەرکۆنەی قەییمکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، ئێلە و خەلفەتی کرد ولە تۆڕی ئێکس نووسیوویەتی: "دوێنێ بوو پەیامی برایەتی و تەبایی و یەکریزی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییان بڵاودەکردەوە، کەچی ئەمڕۆ بە بڕیارێکی مەزاجی، قەییومیان سەپاند و ئیرادەی خەڵکیان خستە ژێرپێ."
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەبارەی دانانی قەییوم شارەوانییەکانی ئەسەنیورت-ی ئیستەنبووڵ، خەلفەتی رووها، مێردین و ئێلیە، داوایەکی ئاراستەی سەرۆکی لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە پەرلەمانی تورکیا.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە هاوکات سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیایە و بڕیاری قەییومکردنەکانیش پەیوەندیی بە شارەوانییەکانەوە هەیە، بۆیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کردووە بۆ ئەوەی پرسی قەییوم چارەسەر بکرێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ئەو داواکارییەی جگە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی، ئاراستەی سەرجەم سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان کردووە بە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەشەوە.
هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە؛ موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە؛ ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا، رەزامەندییان بۆ داواکارییەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەربڕی. بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا؛ محەممەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی و مستەفا دەستەجی؛ سەرۆکی پارتی یەکبوونی مەزن، وەڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.
تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری؛ هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پرسی قەییومکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیە و خەلفەتی ئەوانیش وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر رازی دەبن.
ئاکپارتی: دەستوورمان جێبەجێکردووە
عەبدوڵڵا گولەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند:"مادەی 127ی دەستوور جێبەجێکرا. لێکۆڵینەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ ئەو سەرۆکشارەوانیانە هەیە. سزای زیندانیی 10 ساڵ بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین، زیاتر لە شەش ساڵ بۆ سەرۆکشارەوانیی ئێلیهـ و سەرۆکشارەوانیی خەلفەتی دراوە. بێگومان لە دادگەی تێهەڵچوونەوەیە. لە چوارچێوەی یاسای شارەوانییەکان هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکان دەکرێت. یان سزاکان پشتڕاست دەبنەوە، یان ئازاد دەکرێن".
لە بەشێکی مادەی 127ی دەستووری تورکیادا هاتووە کە ئیدارە خۆجێیەکان لەسەر بنەمای خزمەتکردنی خەڵکی شار و گوندەکان دانراون و بەڕێوەبەرانیشی لەسەر بنەمای یاسایی و بریاری ئۆرگانەکان، لە هەڵبژاردنی خۆجێیدا هەڵدەبژێردرێن.
فراکسیۆنی دەم پارتی لە مێردین کۆدەبێتەوە
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان دەکات، کە رۆژی دووشەممە قەیوم لەسەر شارەوانییەکەی دانرا.
دەم پارتی رایگەیاند، بەهۆی دانانی قەیوم لەسەر گەورەشارەوانی مێردین، شارەوانی ئێلیهـ و شارەوانی شارۆچکەی خەلفەتی پارتەکەیان، رۆژی سێشەممە پێنجی تشرینی دووەم کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیان لە مێردین دەکەن.
تولای هاتیمۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی سبەی کاژێر 13:00 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا بەشداری دەکات و گوتار پێشکەش دەکات.
مێژووی قەیووم بەسەر شارەوانییەکانی کورد
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، کە رۆژی 30ـی ئاداری 2014 بەڕێوەچوو، پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) 1 ملیۆن و 767 هەزار و 296 دەنگی کۆکردەوە و 4.23٪ی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا 85 شارەوانییان بەدەستهێنا کە 2 گەورەشارەوانیی، 8 شار، 51 قەزا و 24 ناحیەیان بردەوە. لە ئەنجامدا قەیووم بەسەر 37 شارەوانیی بەدەپە سەپێندرا.
له هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژی 31ی ئاداری 2019دا ههدهپه 69 شارهوانیی بهدهستهێنا. 3 گهوره شارهوانیی، 4 شار، 51 قەزا و 11 ناحیە. ههر لهسهرهتاوه 6 شارهوانیی بههۆی بڕیارنامهكانی باری نائاسایی، مۆڵهتی دهستبهكاربوونیان پێنهدرا و سهرۆكایهتیی شارهوانییهكان درایه بهربژێرانی ئاكپارتی. دواتر 53 شارهوانیش قهیوومیان بهسهردا سهپێندرا. بهمهش ههدهپه له كۆی 69 شارهوانییدا تهنیا 16 شارهوانیی لەژێر دەستی مایەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، دەم پارتی 2 ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگی کۆکردەوە و 5.7٪ی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا 85 شارەوانیی بەدەستهێنا کە 3 گەورەشارەوانیی، 7 شار، 65 قەزا و 10 ناحیەی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ