جیهان چاوەڕێی سێشەممەیە؛ هەمووشتێ لەبارەی هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا بزانە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەیانیی سێشەممە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. ئەمە خولی 60ـەمی هەڵبژاردنە و تێیدا 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا دەنێردرێتە کۆشکی سپی. کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانە.
 
244 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. نیوەشەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بەکاتی واشنتن، واتە کاژێر 8:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر، بانگەشەی هەڵبژاردن دەوەستێت. 
 
کاژێر 6:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی واشنتن بنکەکانی هەڵبژاردن لە ئەمریکا دەکرێنەوە و دەنگدان دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 8:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. واتا بە کاتی هەولێر، دەنگدان کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 4:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت. 
 
دەنگدەرەکان دەچنە سەر سندووقەکان، پەڕەیەکیان پێدەدرێت کە چوار ناوی لەسەرە. ناوی دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگری لە خانەیەک. ناوی کامالا هاریس و تیم وۆڵزی جێگری لە خانەیەکی دیکە. دەنگدەر نیشانەی راست لە تەنیشت ئەو بەربژێرە دەدات کە دڵخوازییەتی.
 
لەگەڵ تەواوبوونی دەنگدان، جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات. ئەنجامە بەراییەکان لەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردن دەردەکەون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ناوەندەکانی راپرسی و ئامار، پرسیار لە خەڵک دەکەن دەنگیان بەکێ داوە.
 
ئەنجامی کۆتایی زوو دەرناچێت و لەوانەیە پێنج رۆژێکی پێبچێت، لەبەرچی؟ 
 
چونکە هەردوو بەربژێرەکە لە راپرسییەکان زۆر لەیەک نزیکن، بۆیە لەوانەیە لە هەندێک شار و ویلایەت دووبارە دەنگەکان بژمێردرێنەوە. هەروەها، دەنگەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئۆنلاین و پۆستە دەژمێردرێن، ئەمەش پرۆسەکە درەنگتر دەکات.
 
چۆن بەربژێرێک دەتوانێت بیباتەوە؟
 
ئەمریکا 50 ویلایەتە، هەر ویلایەتێک بەگوێرەی دانیشتووانی خاڵی لەسەرە. بۆ نموونە، کالیفۆرنیا 54 خاڵی لەسەرە و 38 ملیۆن و 970 هەزار کەس لەو ویلایەتە دەژین، ئەگەر ترەمپ 10 ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت و کامالا هاریس 10 ملیۆن و 1 دەنگ بەدەستبهێنێت، دۆناڵد ترەمپ هەر 54 خاڵەکە دەباتەوە و کامالا هاریش دەستبەتاڵ دەبێت.
 
هەموو ویلایەتەکان 538 خاڵیان لەسەرە و هەر بەربژێرێک بتوانێت 270 خاڵ بباتەوە، دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا و گوتاری سەرکەوتن دەدات.
 
بەگوێرەی راپرسییەکان، ئێستا ترەمپ 219 خاڵ و هاریس 211 خاڵی مسۆگەر کردووە. ترەمپ 51 خاڵ و هاریس 59 خاڵی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی داهاتوو. 
 
هەموو شەڕەکە لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکانە واتا یەکلایینەبووەکان، ئەمەش واتا هێشتا دیار نییە دانیشتووەکەی دەنگ بەكێ دەدەن.
 
بۆ ئەم هەڵبژاردنە 7 ویلایەت بە یەکلایینەبووەوە هەژمار دەکرێن؛ کارۆلاینای باکوور، پێنسلڤانیا، جۆرجیا، ئاریزۆنا، نیڤادا، میشیگن و ویسکنسن.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، لە تەواوی ئەمریکا ترەمپ 48.5٪ و هاریس 48.4٪ـی دەنگەکان دەباتەوە، واتا ترەمپ 0.1 خاڵ لەپێش هاریسەوەیە.