کامالا هاریس: دەبێت کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنین

04-11-2024
رێبەر حوسێن
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت، کوژرانی خەڵکی بێتاوانی غەززە نادادپەروەرییە و "دەبێت کۆتایی بەو جەنگە بهێنین."
 
رۆژی یەکشەممە 03-11-2024 کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ویلایەتی میشیگن بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لەسەر بابەتی غەززە زۆر روون بووم، کە قەبارەی کوژرانی خەڵکی بێتاوانی فەلەستینی بێ ویژدانییە. دەبێت هەموو شتێک بکەین بۆئەوەی کۆتایی بەو جەنگە بهێنین."
 
هاریس هەروەها گوتی، دەبێت بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس ئازاد بکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ببێتە سەرۆک، هەموو هەوڵێک بۆ "گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەت" دەدات.
 
بەربژێری دیموکراتەکان بانگەشەی زۆر لە ویلایەتی یەکلایینەبووەوەی میشیگن دەکات بۆ رازیکردنی دەنگدەرە عەرەبەکان لەو ویلایەتە. زۆرترین هاووڵاتیی بە رەچەڵەک خەڵکی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لەو ویلایەتە نیشتەجێن. پرسێکی سەرەکیی بانگەشەکەی هاریسیش لەو ویلایەتە جەنگی غەززە و لوبنانە. ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵێک زیاترە جەنگی غەززە بەردەوامە.
 
سبەی سێشەممە 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت؛ 231 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێری سەرەکین.
 
لە ئەگەری دەرچوونی، هاریس دەبێتە یەکەم سەرۆکی ژن لە مێژووی ئەمریکا.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی ترەمپ 48.5% و هاریس 48.4%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە