هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رۆژێکی ماوە؛ 10%ی ئەمریکییەکان پێشبینیی شەڕی نێوخۆ دەکەن

دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی سێشەممە ئەمریکا سەرۆکێکی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵدەبژێرێت. لە هەر چوار ئەمریکییەک، یەکێکیان پێشبینی دەکات لەدوای هەڵبژاردن پشێوی و ئاژاوە دروست ببێت و 10%یان ترسی ئەوەیان هەیە، شەڕی نێوخۆ دروست ببێت، ئەمەش وەکو لە راپرسییەکاندا دەرکەوتووە.
 
لە دەنگدانی پێشوەختدا، لە ژمارەیەک بنکەی دەنگدان شەڕ دروستبووە و کارمەندەکانی هەڵبژاردن راهێنانیان پێ کراوە بۆئەوەی بۆ ئەگەری تەقەکردن ئامادەبن.
 
لە هەندێک شوێن هەڕەشەی تەقاندنەوەی مەکتەب سیاسییەکان کراوە و سندووقە گەڕۆکەکانی دەنگدان گڕیان تێ بەردراوە.
 
ئەوانەی سەرپەرشتیی دەنگدانەکەی سبەی دەکەن، لە ئێستاوە رووبەڕووی ئاڵۆزی دەبنەوە و خۆیان بۆ تووندوتیژی ئامادە کردووە.
 
ئەمریکییەکان هێشتا رووداوەکانی ساڵی 2020یان لەبیرە. ژمارەیەکی زۆریان رێکاری خۆپارێزیی زیاتریان گرتووەتەبەر، فەرمانگە حکومییەکان کراونەتە سەنگەر و هێزی زیاتری پۆلیس لە سەرانسەری وڵات جێگیر کراوە.
 
نیوە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بەکاتی واشنتن، واتە کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر، بانگەشەی هەڵبژاردن دەوەستێت.
 
کاژێر 06:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی واشنتن بنکەکانی هەڵبژاردن لە ئەمریکا دەکرێنەوە و دەنگدان دەستپێدەکات و تا کاژێر 08:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. (2:00ی دواینیوەڕۆی سێشەممە تاوەکو 04:00ی بەیانیی چوارشەممە بەکاتی هەولێر).
 
چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی دەنگدانەکە بێ تەنگژە نەبێت. بەرپرسانی هەندێک ویلایەت هۆشداری دەدەن کە رەنگە یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکان چەند رۆژێکی پێبچێت، بەتایبەتی لە هەشت ویلایەت کە چاوەڕوان دەکرێت جیاوازیی نێوان دەنگەکانی هەردوو بەربژێری سەرەکی، دۆناڵد ترەمپی کۆماری و کامالا هاریسی دیموکرات، زۆر کەم بێت.
 
لە دوایین راپرسیدا ترەمپ 48.5% و هاریس 48.4%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە؛ واتە ترەمپ بە 0.1 خاڵ لەپێش هاریسەوەیە. ئەم جیاوازییە تەنکە پێمان دەڵێت بردنەوەی کۆشکی سپی دەکرێت لەسەر چەند هەزار دەنگێک بمێنێتەوە.
 
راپرسییەکی پێگەی  J.L. Partnersی ئەمریکی کە هەزار و سێ کەس تێیدا بەشدار بوون، دەریدەخات زیاتر لە 25%یان پێشبینی دەکەن، چ هاریس بیباتەوە یان ترەمپ، خۆپێشاندان و ئاژاوە لە ئەمریکا دروست بێت. 10%ییان پێشبنی شەڕی نێوخۆ دەکەن. 
 
22%یان پێیانوایە ئەگەر هاریس ببیاتەوە، هاوشێوەی 6ی کانوونی دووەمی 2021، لایەنگرانی ترەمپ هەڵدەکوتنەوە سەر کۆنگرێس. 21%یان وایدەبینن راستەوخۆ هێرش دەکرێتە سەر بەرپرسانی پارتی دیموکرات.
 
لایەنگرانی هاریس زیاتر پێیانوایە ئاژاوە لە دوای هەڵبژاردن دروستدەبێت و لایەنگرانی ترەمپیش ناکۆکن لەسەر ئەوەی ئایا هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد دەبێت یان نا.
 
13%ی لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن، ئەگەر کۆمارییەکان بدۆڕێن، شەڕی نێوخۆ دروستدەبێت. 9%ی لایەنگرانی هاریسیش هەمان بڕوایان هەیە.
 
18%ی لایەنگرانی ترەمپ و 16%ی لایەنگرانی هاریس دەڵێن، ئەگەر هەڵبژاردنەکە دادپەروەرانە نەبوو، پشتیوانی لە بەکارهێنانی توندوتیژی دەکەن.
 
چوار ساڵ لەمەوبەر، دەنگۆی ساختەکاری بووە هۆی ئاژاوە و پشێوی لە ویلایەتە گرنگەکانی پێنسلڤانیا، جۆرجیا و ئەریزۆنا، کە جیاوازیی نێوان دەنگی جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ زۆر کەم بوو.
 
کارمەندەکانی هەڵبژاردن هەڕەشەی کوشتنیان لێ کرا و لایەنگرانی ترەمپ لە بنکەکانی دەنگدان بە چەکەوە بەرەوڕوویان وەستان.
 
ئەو دۆخە بۆ ئەمریکا شتێکی نوێ بوو. حکومەتی ویلایەتەکان ناچار بوون رێکاری زیاتر بگرنە بەر، وێستگەی دەنگدانی زیاتر بکەنەوە و وەبەرهێنانی زیاتر لە سەلامەتیدا بکەن.
 
ئەم جارەش وڵاتەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. هەر یەکەیان پشتیوانی لە بەربژێرێک دەکات کە روانگەی بۆ داهاتووی وڵاتەکە لەوی دیکە زۆر جیاوازە. بۆیە نیگەرانیی هەیە هەموو ئەو شتانەی لە هەڵبژاردنی رابردوو دروستبوون دووبارە ببنەوە.