جەیمس وێب دیمەنی 'ئەستێرەیەکی تازە لەدایکبوو' دەنێرێتە سەر زەوی

04-11-2023
هێمن بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تێلیسکۆپی جەیمس وێب وێنەیەکی دەستپێکی ئەستێرەیەکی نوێی لە گەردوون ناردووەتەوە سەر زەوی کە 50 هەزار ساڵ دەبێت لەدایکبووە.
 
خۆرەکەی زەوی تەمەنی بۆ نزیکەی 4.6 ملیار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەڕێوەبەرانی تێلیسکۆپەکە دەڵێن، ئەگەر کاتی خۆی، کامێرا لەدایکبوونی خۆرەکەی خۆمانی بگرتایە، ئەوا هەر وەکو دیمەنی ئەم ئەستێرە نوێیە دەردەچوو.
 
توێژەرانی گەردوون خۆرە ساواکەیان بە HH212 ناوناوە کە لە ناوچەی Orion لە گەردوون هەڵکەوتووە، لە وەرزی زستاندا لە نیوەگۆی باکووری زەوییەوە ئەستێرەکانی ئەو ناوچەیە بە روونی دەبیندرێن.
 
ئەم ئەستێرە ساوایە هەزار و 300 ساڵی رووناکی لە هەسارەکەی خۆمانەوە دوورە. هەر ساڵێکی رووناکیش یەکسانە بە 9.5 ترلیۆن کیلۆمەتر، ئەمە ئەگەر بە ئامێرێک گەشت بکەیت کە بەخێرایی 300 هەزار کیلۆمەتر بڕوات لە چرکەیەکدا.
 

ئاژانسی ناسای ئەمریکی، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی کەنەدا کە پێکەوە تێلیسکۆپی جەیمس وێبیان پەرەپێداوە، دەڵێن، لەم رۆژانەدا وێنەکەیان بەدەست گەیشتووەتەوە.
 
ئەو تێلیسکۆپە لە 25ـی کانوونی یەکەمی 2021 رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا، پێشکەوتووترین تێلیسکۆپە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەڵدرابێتە دەرەوەی زەوی، بەوە ناسراوە کە دەتوانێت تاوەکو سەرەتاکانی دروستبوونی گەردوون وێنە بگرێتەوە.
 
ئەگەرچی پێشتریش وێنەی ئەستێرە ساواکە هەبووە، بەڵام هیچیان وەکو ئەم وێنە نوێیە روون نین و هاریکاریی زاناکان ناکەن لە تێگەیشتن لە سروشت و هەڵکەوتەی ئەستێرەکە.
 
پرۆفیسۆر مارک مەککۆفریەن، راوێژکاری باڵای زانستیی لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا (ESA) بە کەناڵی BBCـی بەریتانیی گوتووە: "یەکەمجارە دەتوانین بەم شەپۆلە رووناکییە وێنەی لەدایکبوونی ئەستێرەیەک ببینین، بێگومان ئەمە یارمەتیدەرمان دەبێت لە بینینی ئەو شتانەی پێشتر لە گەردووندا بەلامانەوە شاراوە بوون." 
 
دواجار، لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی لەدایکبوون و مردنی هەسارە و ئەستێرەکاندا یارمەتیدەری گەردوونناسەکان دەبێت لەوەی زیاتر لە ژیان و فەرمانی خۆرەکەی خۆمان تێبگەن و زەویش خۆی بۆ قۆناخەکانی داهاتوو ئامادە بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موئەیەد عەبدولڕەحمان

دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

دکتۆر موئەیەد عەبدولرەحمان قوچی، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی دەستەی گشتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان لە کەنەدا کۆچی دواییکرد و رۆژی چوارشەممە لە هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ رێکدەخرێ.