بەهۆی رووداوێکی تەقەکردنەوە فڕۆکەخانەی هامبۆرگی ئەڵمانیا گەشتەکانی راگرت
رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لەنێو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هامبۆرگ لە ئەڵمانیا تەقەدەکات و ئیدارەی فڕۆکەخانەکەش بەوهۆیەوە گەشتەکانی راگرت.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 4-11-2023 زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا گوتی، "کەسێک بە چەکەوە چووەتە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هامبۆرگ و رووەو ئاسمان تەقەی کردووە و بەهۆیەوە ئیدارەی فڕۆکەخانەکە گەشتەکانی راگرت".
زنار شینۆ دەڵێت: "تەقەکەرەکە کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەیدا هەبووە و لەکاتێکدا چووەتە نێو فڕۆکەخانەکە، کە هاوژین و دوو منداڵەکانی ویستوویانە گەشت بکەن".
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ئەو پیاوە، ویستوویەتی منداڵەکانی لە هاوژینەکەی وەربگرێتەوە، "پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام هێشتا تەقەکەرەکەی دەستگیر نەکردووە."
مانگی رابردوو (تشرینی یەکەم) جارێکی دیکە فرۆکەخانەی هامبۆرگ داخرا، بەڵام ئەوکاتە بەهۆی مەترسیی هەڕەشەی فرۆکەیەک بوو کە لە تارانەوە بەرەو فرۆکەخانەی هامبۆرگ لە ئەڵمانیا فڕیبوو.