رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی مردووان بەهۆی بوومەلەرزەکەی نیپاڵەوە بۆ 119 کەس بەرز بووەوە و نزیکەی 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
بوومەلەرزەکە رۆژی هەینی، 3-11-2023، کاژێر 23:47 خولەک بە کاتی کاتماندووی پایتەختی نیپاڵ (21:02 خولەک بە کاتی هەولێر) بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر هەرێمی کەرنالی لە رۆژئاوای نیپاڵی هەژاند و لە بەشێکی هیندستان و چینیش هەستی پێکرا.
ئەمڕۆ شەممە، 4-11-2023، کۆپال چاندرا بەهاتارای، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کەرنالی رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 119 کەس گیانیان لەدەستداوە و 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کەرنالی گوتی، بۆ گەیشتن بە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، تیمەکانی فریاگوزاری و گەڕان لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکاندان کە بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە گیراون.
هاوکات پوشپا کەمال دەهال، سەرۆکوەزیرانی نیپاڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای لە ئاژانسە جیاوازەکانی وڵاتەکەی کرد دەستبەجێ دەست بە یارمەتیدانی هاووڵاتییە زیانبەرکەوتووەکان بکەن.
نیپاڵ کەوتووەتەسەر هێڵێکی جیۆلۆجی کە وایکردووە بوومەلەرزە زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ئەو وڵاتە بگرێتەوە.
ساڵی 2015ش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر ئەو وڵاتەی باشووری ئاسیای هەژاند و لە ئەنجامدا نزیکەی 9 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا؛ بوومەلەرزەکە زیانی بە نزیکەی 9 ملیۆن خانوو و باڵەخانەش گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ