ناسا رۆژی 14ـی مانگ بۆ هەڵدانی کەشتیی ئارتێمیس دیاریدەکات

04-11-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ناسا ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو رۆکێتەی کە کەشتیی ئاسمانیی ئارتێمیس یەکی لەسەر جێگیرکراوە بۆ کەناری فلۆریدا بۆئەوەی لە 14ـی تشرینی دووەمدا بەرەو خولگەی مانگ هەڵبدرێت. ئەوەش لە دوای دوو هەوڵی شکستخواردوو دێت کە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە ناچاربوو دوای بخات. 
 
رۆژی 29ـی ئاب و رۆژی 3ـی ئەیلوولی ئەمساڵ ناسا دووجار هەوڵی هەڵدانی کەشتییە ئاسمانییەکەیدا. جاری یەکەم، ناسا رایگەیاند، بەهۆی کێشە لە بزووێنەرێکی مووشەکەکەوە و جاری دووەمیش بەهۆی دزەکردنی سووتەمەنی لە تانکیی مووشەکەکە گەشتەکەی دواخست. 
 
بەگوێرەی ناسا، ئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە پێشەوە، کاژێر 12:07ـی نیوەشەوی 13 لەسەر 14ـی ئەم مانگە بە کاتی فلۆریدا [کاژێر 07:07ـی بەیانیی رۆژی 14ـی مانگ بەکاتی هەولێر] گەشتەکە ئەنجام دەدرێت. 
 
کەشتیی ئارتێمیس یەک لە سەنتەری کەنەدی بۆ بۆشایی ئاسمان لە کەناراوەکانی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا هەڵدەدرێت و چاوەڕواندەكرێت دەیان هەزار کەس لەوێ و ملیۆنان کەسیش لە سەرانسەری جیهان لە رێگەی شاشەی مۆبایل و تەلەڤزیۆنەکانیانەوە تەماشای ئەو هەڵدانە مێژووییە بکەن.  
 
ئەم گەشتەی ناسا تاقیکارییە و ئەگەر سەرکەوتوو بێت، لە ساڵی 2024 دا چوار کەشتیوان دەنێردرێنە خولگەی مانگ. لە ساڵی 2025ـیشدا دوو کەس دەنێردرێنە سەر مانگ کە لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵەی خۆر دەکەن.
 
لە گەشتی سێیەمدا، ناسا چاوی لەوەیە وێستگەیەکی هەمیشەیی لەنێو خولگەی مانگ و بنکەیەکیش لەسەر رووی مانگدا دابمەزرێنێت و لەوێوە گەشت بەنێو کۆمەڵەی خۆردا بکات. 
یەکەم ئامانجی ناساش لەدوای گەیشتنی بە مانگ، گەشتکردنە بەرەو مەریخ کە بە هەسارە سوورەکە ناسراوە. 
 
ئەو مووشەکەی کەشتییەکەی لەسەر جێگیرکراوە بەرزییەکەی 98 مەترە و تیرەکەشی 8.4 مەترە. کۆی کێشی مووشەکەکە دوو هەزار و 866 تۆنە. 
 
ماوەی گەشتەکە لە کاتی هەڵدانییەوە لە زەوییەوە تاوەکو دەگاتەوە سەر زەوی، 37 رۆژ و 23 کاژێر و 53 خولەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لە هیچ شوێنێک باسی کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق نەکردووە

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە هیچ شوێنێک باسیان لە کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نەکردووە و هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.