میری ئێزدییان دەچێتە ڤاتیکان و لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆدەبێتەوە

04-11-2022
محەممەد خۆشناو @muhammadkhoshna
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی میری ئێزدییان رایگەیاند، ئەمڕۆ میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان بەشداری لە کۆڕبەندی بەحرێن بۆ دیالۆگ کرد، کە لەژێر ناونیشانی "رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەپێناوی ژیانێکی مرۆڤانە" لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن بەڕێوەدەچێت. بڕیاریشە سەردانی ڤاتیکان بکات و لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆببێتەوە.
 
رۆژی هەینی 04-11-2022 فارس کتێ، راوێژکاری ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدی لە مەنامەی پایتەختی بەحرێنەوە بە تۆڕی رووداوی راگەیاند: "شاندێکی باڵای ئێزدیان کە پێکهاتبوون لە میر حازم میری ئێزدیانی کوردستان و جیهان و خاتوو مەیام خەیری هاوژینی میری ئێزدی و من، بەشداریمان لە کۆڕبەندی بەحرێن بۆ دیالۆگ کرد". 
 
کتێ ئاماژەی بەوە دا، شاندەکەی ئێزدییان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی بەحرێن چاویان بە کۆمەڵێک کەسایەتیی ئایینی و سیاسی نێودەوڵەتی کەوت لەوانە: شێخ نهەیان بن موبارەک، وەزیری لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئیماراتی، یۆحەننای دەیەم پاتریارکی رۆمی ئەرسەدۆکسی ئەنتاکیەی رۆژهەڵات، هەروەها کاردینال کریستۆڤ شۆنبۆرن، سەرۆکی ئەساقیفەکانی ڤیەننا و شێخ  خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە، راوێژکاری شای بەحرێن و ژمارەیەک کەسایەتییەکی دیکە.
 
لەلایەکی دیکەشەوە میر حازم، میری ئێزدییان هەر لە مەنامەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە سەردانی رۆما بکات و رۆژی 14-11-2022 لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە