نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمساڵ 130 هاووڵاتی بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کوژراون

04-11-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چوار فەلەستینی لە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران. دووانیان دوای هێرشکردنیان بۆ سەر هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم/قودس کوژران و دووانەکەی دیکەش لە کەمپی جەنین بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 3-11-2022، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، دوو فەلەستینی لە کەمپی جەنین لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە گوللـە کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون؛ سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، بۆ دۆزینەوەی ژمارەیەک گومانلێکراو هەڵیانکوتاوەتە سەر کەمپی جەنین.
 
کوژرانی ئەو دوو هاووڵاتییە دوای ئەوە هات، هەمان رۆژ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە ئۆرشەلیم/قودس هاووڵاتییەکی فەلەستینییان کوشتووە کە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئەفسەرێکی ئاسرائیلی. هەر هەمان رۆژ فەلەستینیەکی دیکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە ئۆرشەلیم/قودس کوژرا.
 
رووداوی کوژران و هێرشەکان دوو رۆژ دوای هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی ئیسرائیل روویانداوە. گرووپی جیهادی ئیسلامی ناوی یەکێک لە کوژراوەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، فارووق سەلامە، یەکێک لە چەکدارەکانمان بووە و لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراوە.
 
سوپای ئیسرائیل  رایگەیاند، یەکێک لەو فەلەستینیانە چاودێری هێزەکانیانی کردووە و پاشانیش بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە ئەفسەرەکانیان و بۆمبێکی بۆ فڕێداون، هەربۆیە لەلایەن دوو ئەفسەری دیکەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە. ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی -وەفا- رایگەیاند، هاووڵاتییەکە ناوی ئەمیر بەدرە.
 
لە سەرەتای تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 34 فەلەستینی لە رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم/قودس و کەمپی رۆژاوا کوژراون. زۆربوونی ژمارەی پێکدادان و کوژراوەکان بەهۆی ئەو قەدەخەی هاتووچۆیەوەیە کە لە کەمپی رۆژاوا دانراوە؛ سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو قەدەخەیەیان بۆ دەستگیرکردنی گرووپێکی نوێی چەکداری بە ناوی "لایۆنس دێن"ەوە راگەیاندووە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین هێرشیان کردووەتە سەریان. 
 
بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتوەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 130 هاووڵاتی فەلەستینی لەکەمپی جەنین و رۆژهەڵاتی شاری ئۆرشەلیم/قودس کوژراون. هەربۆیە لە دوای ساڵی 2005ـەوە، 2022 بە خوێناویترین ساڵ لە فەلەستین دادەنرێت. سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، زۆربەی ئەوانەی کە کوژراون چەکداری تووندوتیژ بوون، بەڵام ژمارەیەک گەنج و هاووڵاتی سڤیلیش بەهۆی ئامادەبوونیان لە شوێنی پێکدادانەکاندا کوژراون.
 
تووندوتیژییەکان لە بەهاری ئەمساڵەوە زۆرتر بوون، ئەوەش بەهۆی ژمارەیەک هێرشی فەلەستینییەکانەوە لەو ماوەیەدا کە 19 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژران. سوپای ئیسرائیل لەو کاتەوە ئۆپەراسیۆنی دوور ماوە و یەک لە دوای یەک لە کەمپی جەنین ئەنجامدەدات، کە بە گوتەی خۆیان ئامانجیان دەستنیشانکردنی تۆڕی چەکدارە تووندوتیژەکانە. هاوکات لە چەند هەفتەی رابردوودا پشکنینەکانی سوپای ئیسرائیل بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی هێرشەکانی فەلەستین زیادیکردووە.
 
لە ساڵی 1967ـەوە ئیسرائیل کەمپی رۆژئاوای لە فەلەستین کۆنترۆڵکردووە، کە دانیشتووانەکەی 500 هەزار کەس دەبێت. فەلەستینییەکان دەیانەوێت کەمپی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم/قودس بهێننەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان تاوەکو بتوانن دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروستبکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە