جۆ بایدن: ئێران ئازاد دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆ بایدن بە پاڵپشتیکارانی دەڵێت "ئێران رزگار دەکەین". ئەوەش کاتێک هات کە بەشێکی پاڵپشتیکارانی داوای وەڵامدانەوەیان بۆ دۆخی ئێران لێکرد کە لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە بە گوتەی باوکی دوای دەستگیرکردنی کوژراوە، هاتووەتەوە ئاراوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2022، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆی ئەمریکا لە چوارچێوەی کەمپینەکانی بۆ هەڵبژاردنی نیوە وەرزی ئەمریکا کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت، گوتارێکی بۆ پاڵپشتیکارانی پێشکێشکرد.
 
بایدن بە ئامادەبووانی گوت: "خەمتان نەبێت. ئێمە ئێران ئازاد دەکەین". دواتر گوتی، "ئەوان خۆیان [خەڵکی ئێران] لە کاتێکی زۆر نزیکدا خۆیان رزگار دەکەن".
 
گوتەکانی بایدن دوای ئەوە هاتن کە بەشێکی لە پاڵپشتیکارانی بە مۆبایلەکەی دەستیانەوە، وێنەیەکیان بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو Free Iran  واتە "ئێران ئازاد بکە". 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئیدارەی بایدن لەلایەن ئەو چالاکڤانە ئێرانییە ئەمریکییەکانەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە کە داوا لە کۆشکی سپی دەکەن بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە، هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران رابگرێت. 
 
مانگی رابردوو ئیدارەی بایدن بەهۆی "سەرکوتکردنی" خۆپێشاندەران سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی ئێراندا سەپاند. 
 

پێشتر بەریتانیا، ئەمریکا و کەنەدا بە تۆمەتی پێشێلكردنی مافەکانی مرۆڤ، سزایان بەسەر ئێراندا سەپاند. لەندەن لە 10ی تشرینی یەکەمی 2022 سزای بەسەر "پۆلیسی رەوشتی" ئێران و بەرپرسانی ئەمنیی ئەو وڵاتەدا سەپاند.
 
رۆژی 22-9-2022 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پۆلیسی رەوشتی ئێرانی خستە لیستی رەشی سزاکانییەوە. دوای ئەوە، رۆژی 6-10-2022 ئەمریکا سزای بەسەر حەوت بەرپرسی باڵای ئێرانیدا سەپاند.
 
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی شاری سەقز لە 16ی ئەیلوولی 2022 لە تاران، کە باوکی دەڵێت کوژراوە، خۆپێشاندان زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.
 
لە خۆپێشاندانەکاندا تووندوتیژی دروستبووە و تاوەکو ئێستا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان خۆپێشاندەر و بەشێکیان هێزە ئەمنییەکان بوون؛ هەروەها دەیان کەس دەستگیرکران.