زیاتر لە هەزار منداڵ و مێرمنداڵ لە غەززە بەشداری لە کەرنەڤاڵێکی مەلەکردندا دەکەن

05-11-2022
محەممەد سالم
پێشبڕکێی مەلەکردن لە غەززە
پێشبڕکێی مەلەکردن لە غەززە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوور لە خەم و پەژارە و نەهاماتییەکانی خەڵکی غەززە، زیاتر لە هەزار منداڵ و مێرمنداڵ کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە کەرنەڤاڵی غەززە بۆ مەلەکردن بکەن، ئەوەش وەک سەرپەرشتیارانی کەرنەڤاڵەکە دەڵێن، بۆ رێکخستنەوەی دەروونیی منداڵەکانە.
 
وائیل حەمەدۆنە، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای تەنتیش بۆ فێرکردن و راهێنانی مەلەکردن دەڵێت، "کەرنەڤاڵی غەززەمان بۆ مەلەکردن راگەیاندووە. پێشبڕکێیەکی فراوان بەڕێوەدەبەین بۆ دەرچووانی ئەکادیمیای تەنتیش بۆ منداڵان، ئەوەش بە مەبەستی فێرکردن و راهێنانی مەلەکردن کە لە چوارچێوەی مەشق و راهێنانی مەلەکردن بۆ ساڵانی 2021-2022 کردوومانە. لەم کەرنەڤاڵەدا زیاتر لە هەزار منداڵ بەشدارن و پێشبڕکێی مەلەکردن لە شوێنە قووڵەکان و خێرایی مەلەکردن دەکرێت." 
 
دەریا، ‌تاکە دەرچەی هەناسەدانی دانیشتووانی کەرتی غەززەیە، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی بایەخدانی منداڵان و خەڵکی ئەو ناوچەیەیە بۆ مەلەکردن. ئەو وەرزشە بۆ دانیشتووانی غەززە کات بەسەربردن و کێبڕکێ و فێربوونە کە بەهۆیەوە بەشداری لە کێبڕکێ ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن.  
 
محەممە شافعی، بەشداربووی کەرنەڤاڵەکە گوتی، "بەرلەوەی فێری مەلەکردن بم، لە چوونە ناو ئاو زۆر دەترسام، بەڵام دوای خۆتۆمارکردنم لە ئەکادیمیای تایبەت بە فێربوونی مەلەکردن، بە باشترین شێوە مەلە دەکەم و ناترسم و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ مەلە دەکەم." 
 
یەحیا حەماد، بەشداربووی کەرنەڤاڵ باسی لەوە کرد، "فێری مەلەکردن بووم، خۆم لەگەڵ کەشەکە گونجاند و پەرەم بە توانای خۆم دا و بە پاڵپشتیی کەسوکارم کە رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو، ئێستا یەکێکم لە مەلەزانە هەرە باشەکان." 
 
دەیان راهێنەر و رزگارکەر رۆڵی کارایان هەبوو لە سەرخستنی پێشبڕکێیەکە کە ئامانج لێی نەهێشتنی کاریگەرییە خراپە دەروونییەکان بووە کە بەهۆی شەڕ و لێکەوتەکانییەوە کاریگەریی خستووەتە سەر دەروونی منداڵان و مێرمنداڵەکان. 
 
ئوسامە بەسیونی، قوتابی پۆڵی دەیەم و بەشداربووی کەرنەڤاڵەکە ئاماژەی بەوە کرد، "لە سەرەتای دەستپێکردنم بۆ فێربوونی مەلەکردن زۆر دەترسام و هەوڵم دەدا دەست بەهەر شتێکەوە بگرم بۆ ئەوەی نەخنکێم. دواتر بەسەر ترسەکەمدا زاڵبووم و تەکنیکی نوێ فێربووم و پشتیوان بە خودا ئێستا لە ئاستێکی باشدام و مەلەکردن ئیدی بووەتە وەرزشی دڵخوازم." 
 
لینە رەزیعە، دایکی یەکێک لە بەشداربووان و دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە کچەکەم ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشە بەهۆی بەشداریکردنی لەم کەرنەڤاڵە. پشتیوان بە خودا لە داهاتوودا دەبێتە راهێنەرێکی زۆر باش. لە تەمەنێکی بچووکەوە کچەکەم حەزی بە مەلەکردن بوو، بە هاندانی هاوڕێیەکانیشی ئەمڕۆ یەکێکە لە باشترینەکان." 
 
بەردەوامبوونی گەمارۆ لەسەر کەرتی غەززە وایکردووە مەلەکردنیش وەک وەرزشەکانی دیکە تووشی ئاڵنگاریی کەمیی خزمەتگوزاری ببێتەوە لە کەرەستە و دابینکردنی شوێن و مەلەوانگە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.