کۆمارییەک بووە حاکمی ڤێرجینیا

رووداو دیجیتاڵ 

گلێن یۆنگکین، حاکمی نوێی هەڵبژێردراوی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا لەنێو دەنگدەرەکانیدا ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت؛ ئەوەی کە رووداوەکەی زۆر گرنگ کردووە ئەوەیە کە گلێن یۆنگکین سەر بە پارتی کۆمارییە.
 
گلێن یۆنگکین، حاکمی نوێی هەڵبژێردراوی ویلایەتی ڤێرجینیا دەڵێت "زۆر باشە ڤێرجینیا، ئەمەمان بردەوە و زۆریش خۆشحاڵیکردین، یەک رۆژی دیکە دەسەڵاتی ویلایەتەکە وەردەگرین و دەشزانین کە ئاڵنگارییەکانی بەردەممان قورسن، بەڵام ئێمە قۆڵیان بۆ هەڵدەکەین".
 
لایەنی دۆڕاو، تێری مەکۆڵێف، بەربژێری پارتی دیموکراتە و یەکێكە لە کەسایەتییە پاڵپشتیکراوەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا.
 
تێری مەکۆڵێف، حاکمی ویلایەتی ڤێرجینیا دەڵێت "چەند شانازییە بۆمان ئەمشەو لەگەڵ ئێوەدابین. کاتێك کە من و رالفی جێگرم لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا هەڵبژێردراین، ویلایەتی ڤێرجینیامان بەڕووی ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا کردەوە و ئابوورییەکەیمان بووژاندەوە، شەڕی ئێمە بەردەوامە و بەڵێنیش دەدەین بە پاراستنی مافی ژنانی دانیشتووی ڤێرجینیا".
 
دەنگدەرانی ژنی سپی پێست، یەكێک بوو لە هۆکارەکانی شکستی مەکۆڵێف-ی دیموکرات و سەرکەوتنی یۆنگکین-ی کۆماری، بەجۆرێك کە تەنیا لە 43٪یان دەنگیان بەو داوە لەبەرامبەر لە 57٪ی ژنان کە دەنگیان بە یۆنگکین-ی کۆماری داوە؛
ئەوە لە کۆی نزیکەی لە 43٪ی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان.
 
یۆنگکین بە نزیکەی 2.7 خاڵ سەرکەوتنی بەسەر رکابەرە دیموکراتەکەی تۆمارکرد؛ ئەوە لە کاتێكدایە دروست ساڵێک لەمەوبەر و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بایدن زیاتر لە 55٪ی دەنگەکانی ویلایەتی ڤێرجینیای بردەوە لەبەرامبەر ترەمپ کە لە 44٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
 
هەڵبژاردنی حاکمی ویلایەتی ڤێرجینا پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022ی کۆنگرێس دێن و بردنەوەی کورسی حاکمی ویلایەتێك و سەندنەوەی لە دیموکراتەکان، ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس زیاتر دەکات و لەوانەیە زۆرینەی لەرزۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێکبدات.