سوێد و فینلاند یاساکانی وەرگرتنی وڵاتینامە قورستر دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سوێد و فینلاند یاساکانی وەرگرتنی وڵاتینامە (جنسیە)یان قورستر کرد. لەمەودوا چیدیکە دوای پێنج ساڵ هەبوونی مافی مانەوە نابیتە خاوەنی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە.
 
لەم هەفتەیەوە لە فینلاند کار بە یاسایەکی نوێ دەکرێت بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە (جنسیە)ی ئەو وڵاتە؛ جاران هەر کەسێک پێنج ساڵ مافی مانەوەی هەبووایە و ئەو ماوەیەی تەواو کردبووایە، دەیتوانی داوای وڵاتینامە بکات.
 
بەڵام لەم هەفتەیەوە لە فینلاند ئەوە دەگۆڕدرێت و دەبێتە هەشت ساڵ؛ واتە دەبێت کەسەکە هەشت ساڵ بە شێوەی یاسایی لە فینلاند ژیابێت، لەو هەشت ساڵەش بۆی هەیە 365 رۆژ لە دەرەوەی فینلاند بووبێت و نابێ هیچ ساڵێکیش لە 90 رۆژ زۆرتر فینلاندای جێهێشتبێت.
 
ئەمە هەموو کەس ناگرێتەوە؛ ئەوانەی ئاستێکی بەرزی زمانی فینلاندییان هەیە و بەشداریی چالاکیان هەیە لە کۆمەڵگەی فینلاندیدا، هەروەها ئەوانەش کە هاوژینێکی فینلاندییان هەیە یان هاووڵاتیی وڵاتێکی سکەندەناڤیان، یان وەکو پەنابەری سیاسی هاتوونەتە ئەو وڵاتە، دەکرێت لەماوەی پێنج ساڵدا ببنە هاووڵاتیی فینلاند.
 
سوێدیش دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارێکی هاوشێوە دەکات؛ لەوێش کار بە مەرجی هەشت ساڵ مانەوە دەکرێت. جگە لەوەش، نابێت کەسی داواکار رابردووی تاوانکاریی هەبێت و بە مەترسی بزاندرێت بۆ سەر ئاسایشی سوێد.
 
هەروەها تێستی زمان و کولتووری سوێدی دەبنە زۆرەملێ و دەبێت کەسی داواکار بیسەلمێنێت کە زانیاریی پێویستی هەیە بۆئەوەی بتوانێت لە سوێد بژی.