لە بەریتانیا عێراقیەک بە تاوانی پلاندانان بۆ خەتەنەکردنی کچێک بە چوار ساڵ و نیو سزادرا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە بەریتانیا هاووڵاتییەکی عێراقی کە خوێندکاری دکتۆرابوو بە تاوانی پلاندانان بۆ ناردنی کچێکی بەریتانی بۆ عێراق و خەتەنەکردنی، بە چوار ساڵ و نیو سزادرا. هاوکات هاوبەشییە ئەکادیمییەکەشی لەگەڵ زانکۆکەی ئەو وڵاتە کۆتاییپێهێندرا. 
 
پۆلیسی بەریتانیا بڵاویکردەوە، پێش مانگێک عیماد کاکی هاووڵاتیی عێراقی تەمەن 47 ساڵ، کە دانیشتووی شاری نۆتینگهامە پلانی ناردنی کچێکی ئەو وڵاتەی بۆ عێراق داناوە، بۆ ئەوەی خەتەنە بکرێت و دواتر بەزۆر بە شوو بدرێت، ئەمە بەبێ ئاگاداری کچەکە کە بۆچی دەبرێتە ئەوێ و چی لێدەکرێت. پێش ناردنی کچەکە بۆ عێراق، شایەتحاڵێک پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە و عیماد دەستگیردەکرێت. 
 
دوو هەفتە پێش ئێستا لە دادگەی شاهانەی نۆتینگهام پرۆسەی دادگاییکردنی عیماد دەستیپێکرد. عیماد ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دادگە بە چوار ساڵ و نیو زیندانی سزای دا.
 
نیرماڵ شانت، ئەو دادوەرەی عیمادی دادگەییکرد گوتی، ئەو هەموو کارێکی کردبوو بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە سەرکەوتنی پلانەکەی. دەشڵێت: "ئەو تاوانە پێویستی بە سزایە، ئەوەی کردووتە و پلانت بۆ دانا زۆر دڵڕەقانە بووە".
 
دەزگای لێپێچینەوەی شاهانەی بەریتانیا هاوکاربوو لە سزادانی عیماد. ئەو دەزگایە بەڵگەی پێویستی پێشکێشی دادگە کرد کە عیماد بلیتی گەشتی بۆ ئەو کچە دابینکردبوو و پارەکەشی دابوو. ژمارەیەک نامە لە مۆبایلەکەی عیماددا دۆزرابوونەوە دەرخەری ئەوە بوون کە ئەو خەتەنەکردن و بەزۆر بەشوودانی کچانی لەلا "ئاسایی" بوو.
 
گیرالداین کیلی، پارێزەری عیماد هەوڵی کەمکردنەوەی سزاکەی دابوو بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. گیرالداین لە دادگە گوتبووی، عیماد خوێندکاری دکتۆرایە، پلە زانستییەکەی گەورەیە و کۆتاییهاتنی هاوبەشییەکەی لەگەڵ زانکۆکەی جۆرێکە لە سزادان. 
 
گوتەبێژێک لە زانکۆی نۆتینگهام کە عیماد لێی دەخوێند بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەو جۆرە تاوانە دڵڕەقانە لە کۆمەڵگاکەمان. دوای دەستگیرکردنی عیماد کاکی، زانکۆ کۆتایی بە هاوبەشییەکەی و بانگهێشتکردنی وەکو کەسێکی ئەکادیمی، هەڵوەشاندەوە".
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، ساڵی 2019 عیماد ژمارەیەک هەوڵی دیکەی هاوشێوەی دابوو، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی دۆسیەکە و رۆشتنی لە شارێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، قورس بووە سزابدرێت. 
 
بەگوێرەی یاسای بەریتانیا، خەتەنەکردنی کچان قەدەخەیە. لە عێراقیش هیچ یاسایەک سەبارەت بە قەدەخەکردنی خەتەنەکردنی کچان نییە، تەنیا ئەوە نەبێ کە مادەی 412ی یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت، قەدەخەیە هەر کەسێک بە مەبەست کەسێکی دیکە بریندار بکات.