بۆریس جۆنسن لە کتێبە نوێیەکەیدا: نەتەنیاهوو چووە توالێتەکەم و دواتر ئامێری دەنگ تۆمارکردنمان دۆزییەوە

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆریس جۆنسن دەڵێت، کاتێک لە 2017 نەتەنیاهوو سەردانی ئۆفیسەکەی کردووە لە لەندەن، داوای کردووە توالێتەکەی بەکاربهێنێت؛ بەڵام دواتر لە لایەن تیمی پاسەوانەکانییەوە ئامێرێکی تۆمارکردنی دەنگ دۆزراوەتەوە.
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، ئەم رووداوەی لە کتێبێکی نوێیدا باسکردووە کە چاوەڕێ دەکرێت 10ـی ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە.
 
کتێبە نوێیەکەی جۆنسن ناوی "Unleashed - ئاوەڵاکراو یان بەرەڵاکراو"ـە و بەشێک لە یادەوەرییەکانی خۆی تێدا نووسیوەتەوە لەو کاتەی کە پۆستی باڵای هەبووە.
 
تەلەگرافی بەریتانی، بەر لەوەی کتێبەکە بکەوێتە بازاڕەکانەوە، هەندێ زانیاری لەبارەوە بڵاوکردەوە. بەگوێرەی رۆژنامەکە، جۆنسن لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی، "بیبی [نازناوی نەتەنیاهوو] ماوەیەک لە توالێتەکەدا مایەوە؛ دەکرێت رێکەوت بێت یان وا نەبێت، بەڵام دواتر پێمگوترا، کاتێک [تیمی پاراستنم] بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ ئامێری سیخوڕی گەڕاون، لەنێو سیفۆنی توالێتەکەدا ئامێرێکی دەنگ تۆمارکردنیان دۆزیوەتەوە".
 
ئەوکاتە، لە ساڵی 2017، بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوو.
 
تەلەگراف دەڵێت، لە هەڤپەیڤینێکدا داوای لە بۆریس جۆنسن کردووە، وردەکاریی زیاتری رووداوەکەیان بۆ بخاتەڕوو؛ جۆنسن لە وەڵامدا گوتوویەتی، "پێموایە هەموو ئەو شتانەی پێویستە بیزانن، لەنێو کتێبەکەدایە".
 
ئەوە یەکەم جار نییە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە جێهێشتنی ئامێری تۆمارکردن لە ئۆفیسی بەرپرسانی باڵای وڵاتان تۆمەتبار بکرێت؛ لە ساڵی 2019ش، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی پۆلەتیکۆی ئەمریکی، کە سێ بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە وەکو سەرچاوە قسەیان بۆ کردبوو، نەتەنیاهوو لەنێو کۆشکی سپیدا هەمان کاری کردووە.
 
لەو ساڵەدا، نەتەنیاهوو ئەو تۆمەتانەی پۆلەتیکۆی رەتکردەوە و دواتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لەبارەی تۆمەتەکەوە رایگەیاند، "باوەڕپێکردنی قورسە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە