ئێستا دەتوانی تەنیا بە پەنجەمۆر پارە بدەیت


رووداو دیجیتاڵ 

لە کارگەیەکی (گرووپی تالێس) لە نزیک شاری مارسیل لە باشووری فەرەنسا، رۆژانە هەزاران کارتی بانکی دروستدەکرێن و دەدرێنە دەستی بانک و هاووڵاتییان. تالێس گەورەترین کۆمپانیای تایبەت بە دروستکردنی کارتی بانکییە لە جیهان. 
 
یەکێک لەو داهێنانانەی کە گرووپی تالێس کردوویەتی بەکارهێنانی پەنجەمۆرە لە گواستنەوەی پارەدا.
 
ئەمێلی تۆرنانت، بەڕێوەبەری مارکێتینگ لە گرووپی تالێس ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ نموونە لەم جۆرە کارتەدا من 150 یۆرۆ دادەنێم و بە تەنیا لە رێگەی پەنجەمۆرەوە دەتوانم پارە بدەم و تەنیا لە رێگەی دانانی پەنجە لەسەر کارتەکە، پارەکە دەگوازرێتەوە."
 
50 ساڵ لەمەوبەر، (رۆلان مۆرێنۆ)، وەبەرهێنەری فەرەنسی کارتی زیرەکی داهێنا، لەو کاتە بەدواوە بەکارهێنانی کارتی زیرەک لە کەرتی داراییدا پێشکەوت. لە ماوەی 15 ساڵی رابردووشدا، پێشکەوتنی بەرچاو لە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە کارتی بانکی روویان داوە.
 
فرێدرێک مارتینێز، بەرپرسی بەشی گواستنەوەی پارە لە گرووپی تالێس دەڵێت، "بیرۆکەکە ئەوەیە کە 98٪ـی بەکارهێنەران پەنجەمۆرەکانیان دەخوێندرێنەوە. ئەگەر پەنجەمۆرەکە نەخوێندرایەوە، مەترسە، دەتوانی ژمارە نهێنییەکەت بەکاربهێنی بۆ ئەوەی پارەکەت بگوازیتەوە."
 
داهێنانێکی دیکەی تالێس گرووپ، دانانی بلوتوسێکی بچووکە لە چیپی سەر کارتە بانکییەکە. لەو رێگەیەوە هەموو زانیارییەکان پەیوەست دەبن بە مۆبایلەوە و دەتوانی لە رێگەی مۆبایلەوە پارە بگوازیتەوە.
 
رێمی بۆلڤا، بەڕێوەبەری فرۆشی گرووپی تالێس ئاماژە بەوە دەکات، "مۆبایل وەک کۆمپیوتەرێک وایە. ژمارەیەکی زۆر چیپی ئەلیکترۆنی تێدایە. یەکێک لە چیپەکان کە ناوی لێنراوە (چیپی پارێزراو)، تایبەتە بە پاراستنی داتاکانی وەک کارتی بانکی، مۆڵەتی شۆفێری و کارتی نیشتمانی. لەو چیپە بچووکە زانیاریی کارتە بانکییەکان لە ناو مۆبایلەکەدا دەپارێزرێن."
 
گرووپی تالێس هێندە لە کەرتی بەرگری و گواستنەوەدا ناوبانگی هەیە، ئەوەندە لە کەرتی داراییدا ناسراو نییە، بەڵام لقی بانکی و دیجیتاڵی تالێس گرووپ، ساڵانە یەک ملیار کارتی بانکی بۆ 3500 ناوەندی دارایی و بانک لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکات. تالێس هەروەها راستەخۆ خزمەتگوزاریی پێدانی کارتی بانکی دیجیتاڵ پێشکێش دەکات.