بەهۆی جەنگە بەردەوامەکانەوە داوا دەکرێت ئەم ساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دابەشنەکرێت

04-10-2024
نیاز مستەفا
مەدالیای ئاڵتوونیی خەڵاتی نۆبڵ
مەدالیای ئاڵتوونیی خەڵاتی نۆبڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی جەنگە بەردەوامەکانی ئێستای جیهان، بەرپرسانی پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتی، گومانیان لە پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەیە بەو بەربژێرانەی کە لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە.
 
ئۆلاڤ نۆسلتاد، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نۆبڵی نەرویجی دەڵێت، "قورسە ئەرێنی بیت کاتێک ئەمڕۆ سەیری جیهان دەکەیت و دەبینی هێزی ئاشتی باڵادەست نییە، هەرچەندە کاتێک سەیری بەربژێرەکان دەکەیت کەسانێک یان چەند رێکخراوێک دەبینی کە کاری مەزن لەو پێناوەدا دەکەن." 
 
رۆژی پێنجشەممە، پەیمانگەی ئۆسلۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاشتی لیستی کۆتایی بەربژێرانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڵاوکردەوە. 
 
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ و دامەزراوە دیموکراتییەکانی سەر بە رێکخراوی ئاسایش و هاوئاهەنگی ئەورووپا کە کار لە بواری هەڵبژاردن و دیموکراسیدا دەکەن، دادگەی نێودەوڵەتیی داد بەهۆی کارەکانیان لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وڵاتان، رێکخراوی ئونروا و فلیپ لازارینی، کۆمیسیاری رێکخراوەکە بەهۆی هاوکاریکردنی ئاوارەکانی فەڵەستین، رێکخراوی ئارتیکڵ 36 و کەمپەینی ستۆپ کیلەر رۆبۆتس بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەکە خودکار و وێرانکەرەکان، ئاژانسی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئەورووپا بەهۆی کارەکانیان بۆ فێرکردن، بڵاوکردنەوەی یەکدی قبووڵکردن و فرەڕوانگەیی بەربژێرن بۆ خەڵاتەکە. 
 
دان سمس، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ستۆکهۆڵمە بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی، باس لەوە دەکات، بەهۆی جەنگەکانەوە ئەم ساڵ کاتی ئەوەیە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی نەدرێت. 
 
دان سمس، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی دەڵێت، "کاتێک سەیری جیهانی سیاسیی ئێستا دەکەی و دەبینیت جەنگ لە غەززە، لوبنان، سوودان و ئۆکراینا هەیە کە دۆخێکیان دروستکردووە 40 ساڵە هاوشێوەی نەبووە. دەبینیت کە ململانێی چەکداری لە زیاتر لە 50 وڵات هەیە. بۆیە بیردەکەمەوە ئایا ئەمە ئەو کاتە نییە کە لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بڵێت، ئەم ساڵ خەڵاتەکە دابەش ناکەین؟ بەڵێ، ئەمە ئەو کاتەیە." 
 
خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ساڵی 2023 درایە نێرگس محەممەدی هاووڵاتیی ئێران.
 
ئەگەر ئەم ساڵ دابەشبکرێت، بڕیارە 11ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ 105ـەمین براوەی خەڵاتەکە رابگەیێندرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە