رووداو دیجیتاڵ
لافاوێک ویلایەتی سیکیم-ی هیندستانی گرتەوە و بەهۆیەوە 23 سەربازی سوپای ئەو وڵاتە بێسەروشوێن بوون.
رۆژی چوارشەممە، 04-10-2023، سوپای هیندستان بڵاویکردەوە، بارانێکی بەخوڕ ویلایەتی سیکیم-ی لە هیندستان گرتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا لافاو هەستا و رووباری تیستا سەرڕێژ بوو، بەهۆیەوە 23 کەس بێسەروشوێن بوون کە سەربازن و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش ژێرئاوکەوتن و "ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانیش بەردەوامن."
ئەو ناوچەیەی کە لافاوەکەی گرتووەتەوە، کەوتووەتە نزیک سنوورەکانی هیندستان لەگەڵ نیپاڵ و دەریاچەی لۆناک کەوتووەتە بنی سەهۆڵبەندانێکەوە لە لووتکە بەفراوییەکانی چیای کەنچینجەنگا کە سێیەم بەرزترین چیای جیهانە.
سوپای هیندستان رایگەیاند: رژانی ئاوی رووبارەکە بەسەر بەنداوی چۆنگسانگدا مانای ئەوەیە کە ئاستی ئاوی رووبارەکە 4.5 مەتر بەرز بووەتەوە.
رۆژی 14ـی ئابی ئەمساڵیش بەرپرسانی هیندستان بڵاویانکردەوە، بەهۆی لافاو و رۆچوونی زەوییەوە لە باکووری هیندستان 49 کەس گیانیان لەدەستدا.
لە وەرزی بارانباریندا ساڵانە لە ناوچە جیاجیاکانی هیندستان لافاو دروست دەبێت. لە هیندستان وەرزی بارانبارین لە مانگی حوزەیران دەستپێدەکات و لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا کۆتایی دێت. هاوکات پسپۆڕانی کەشناسیش، گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکاری زۆربەی لافاوەکان دادەنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ