ئاژانسی کۆچبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنگێلا مێرکل خەڵات دەکات


رووداو - هەولێر

ئاژانسی کۆچبەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) خەڵاتی نانسنی کۆچبەرانی بە ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا بەخشی، ئەوەش وەکو پێزانینێک بۆ هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ژیانی پەناخوازان لە ماوەی 16 ساڵی دەسەڵاتیدا.
 
رۆژی سێشەممە، 4-10-2022، لیژنەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان لە ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە "سەرکردایەتی، بوێری و دڵسۆزیی" مێرکل کرد، کاتێک لە ساڵانی 2015 و 2016، لە گەرمەی شەپۆلی کۆچبەران کە بەهۆی شەڕی سووریاوە دروستبوو، ئەڵمانیا لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا 1.2 ملیۆن پەناخوازی وەرگرت. 
 
فلیپۆ گراندی، بەرپرسی ئاژانسی کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستاییشی پابەندبوونی راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیای بە پاراستنی کۆچبەران و پەناخوازان و بەرگریکردنی لە مافەکانی مرۆڤ، بنەما مرۆییەکان و یاسای نێودەوڵەتی کرد. 
 
گراندی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە رێگەی هاوکاریکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن پەناخوازەوە بۆ ئەوەی رزگاربن و ژیانی خۆیان بنیادبنێنەوە، مێرکل بوێریی سیاسی و رەوشتبەرزیی نواند."
 
بەڕێوەبەری ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە: "ئەوە سەرکردایەتیی راستەقینە بوو، پشتیوانیی مرۆڤایەتیی هاوبەشمانی دەکرد، بە هێزەوە دژی ئەوانە وەستایەوە کە ترس و جیاکارییان بڵاودەکردەوە. [مێرکل] پیشانیدا کە دەکرێت چی بکرێت کاتێک کە سیاسەتڤانەکان رێچکەی دروست دەگرنەبەر و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگاریەکانی جیهان دەکەن لە بری ئەوەی بەرپرسیاریەتەکە بخەنە ئەستۆی ئەوانی دیکە."
 
لیژنەی بڕیاردان لەسەر بەربژێرەکان ئاماژەی بەوە کرد کە لە پاڵ پاراستنی ئەو خەڵکەی لە جەنگ هەڵدەهات، مێرکل "هۆکاری سەرەکیی پشت هەوڵەکانی ئەڵمانیا بوو بۆ وەرگرتنی پەناخوازان و پەنابەران و ئاوێتەکردنیان بە کۆمەڵگە."
 
خەڵاتی نانسن خەڵاتێکی ساڵانەیە و بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1954 بۆ بەرزراگرتنی یادی فریتدیۆف نانسن، گەڕیدەی نەرویجی و یەکەمین کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەخشرا.
 
لە رێوەڕەسمێکی فەرمیدا لە 10ی ئۆکتۆبەر لە جنێڤ، مێرکل سیمبوولی خەڵاتەکە لەگەڵ 150 هەزار دۆلار وەردەگرێت.