رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئۆسمۆس 62ی فەرەنسی کە رێکخراوێکی خێرخوازییە و تایبەتە بە هاوکاریکردن و چاودێریکردنی دۆخی کۆچبەران لە فەرەنسا دەڵێت، لە رووداوەکەی دوێنێی نۆکەندی ئینگلیزدا 12 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە کە 10یان ژن بوون.
رۆژی چوارشەممە 4ی ئەیلوولی 2024 رێکخراوی ئۆسمۆس 62، وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز دایەوە، کە لە ئەنجامدا 12 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش بێسەروشوێنن؛ هەروەها تیمە فریاگوزارییەکانی فەرەنسا 53 کۆچبەریان رزگار کرد.
ئەو رێکخراوە فەرەنسییە هاوکاریی مرۆیی ئەو کۆچبەرانە دەکات کە لەنێو کەمپە کاتییەکانی فەرەنسادا دەمێننەوە و بەشی زۆریان چاوەڕێی دەرفەتێک دەکەن بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.
رێکخراوەکە لەبارەی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممە بە رووداوی گوت، "لەو رووداوەدا 12 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، کە 10یان ژن بوون و یەکێکیان دووگیان بوو؛ 6 کۆچبەریش بریندارن کە سەرجەمیان منداڵن و دووانیان دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە."
ئۆسمۆس 62 هەروەها دەڵێت، "پێدەچێت زۆربەی ئەوانەی لە بەلەمەکەدا بووبن، کۆچبەری ئەفریقای بووبن، بەتایبەت ئەریتریایی."
بەگوێرەی پاسەوانی دەریایی فەرەنسا، ئەو بەلەمە لە کەناراوەکانی نزیک بەندەری شاری بولون سێخ مێخ لە باکووری فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتبوو.
لەبارەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە بەلەمەکەدا بوون، ئەو رێکخراوە فەرەنسییە بە رووداوی گوت، "بەلەمەکە 65 بۆ 70 کۆچبەری تێدا بووە و هێشتا ژمارەیەکیان بێسەروشوێنن. بەلەمەکە حەوت مەتر درێژ بووە و تەنیا 8 ئێلەکی بۆ کۆچبەرەکان تێدا بووە."
لەبارەی چوونی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا، ئۆسمۆس 62 دەڵێت، "بەگوێرەی کەشوهەوای رۆژە. هەر کاتێک کەشوهەوا لەباربێت، رەنگە چەند سەد کۆچبەرێک کە هەندێکجار ژمارەکە دەگاتە 800 کۆچبەر یان زیاتریش، هەوڵی پەڕینەوە لە یەک رۆژدا بدەن."
رێکخراوەکە گوتیشی، "زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا دەدەن، خەڵکی عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، لیبیا، ئەفغانستان، میسر، ئەریتریا، سوودان، یەمەن و ڤێتنامن."
رێکخراوە فەرەنسییەکە ئاماری ئەم ساڵی چوونی کۆچبەرانی بۆ بەریتانیا لە فەرەنساوە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 21 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە و تەنیا لە حەوت رۆژی رابردووشدا دوو هەزار کەس پەڕیوونەتەوە. هەر ئەم ساڵ 43 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش لە سەرەتای ساڵەوە 21 هەزار و 615 کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئەوەی دوێنێ روویدا بە گەورەترین رووداوی ئەم ساڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز دادەنرێت؛ پار 12 کۆچبەر خنکابوون.
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، پار زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی چوونەتە ئەو وڵاتە ئەفغانستانی بوون، پاشان کۆچبەری خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستا؛ زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆچبەری باشووری کوردستان و عێراقیش چوونەتە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ