رووداو بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەرانی کورد لە کەمپەکانی یۆنان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆچبەران لە یۆنانەوە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەدەن. بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمساڵ 12هەزار و 600 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان. رووداو چووەتە ئەو وڵاتە و بەدواداچوونی بۆ رەوشی کۆچبەرە کوردەکان دەکات. 
 
ئەوانەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەون، سێ گەنجی شاری سلێمانین، کۆڵەکەی پشتیان پڕ کردووە لە پێداویستیی کۆچ و  نایانەوێت یۆنان دوایین ویستگەیان بێت. 
 
ژیار و شۆڕش تەمەنیان 23 و چێنەری 27، رێگەی سەخت، مان و نەمانیان بڕیوە، سێ هەفتەیە لە یۆنانن. ژیار ستار دەرچووی پەیمانگای وەرزشییە، باسی گەیشتن بە خەونەکانی بۆ رووداو دەکات، ئەوەش دەگێڕێتەوە کە چەندە نەهامەتی و دەردەسەرییان بینیوە و چەند مەترسییان بۆ هاتووەتە پێش تا گەیشتوونەتە خاکی یۆنان. 
 
ژیار دەڵێت، "سێ شەو و سێ رۆژ لەناو یەختدا بووین. شەو و رۆژێک یەختەکەمان پەکی کەوتبوو، بەڵام ئەوەبوو شۆفێرەکان بە ئێمەیان نەدەگوت شتێکی وا هەیە، بەڵام ئێمە هەر بە سەتڵ ئاوەکەمان دەخستە دەرەوە. بەیانییەکەی کە لەخەو هەڵساین، پێیان گوتین، یەختەکە پانکەیەکی هەیە وەکو مەکینەی ئۆتۆمبێل کاردەکات و ئەو پانکەیە لە شوێنەکەی دەرهاتبوو. دواجار گوتیان کە ئەمە چارەسەر نابێت و ناچاربووین تەلەفۆنی پۆلیس بکەین."
 
وەک ئەو سێ گەنجە دەڵێن ئێستا بەختێکی باشیان هەبووە کە دوای 23 رۆژ رێگەیاندراوە لە کەمپ بچنە دەوەرە، دەڵێن، دووبارە رێی هات و نەهات دەگرنەبەر و بەرەو ئیتاڵیا بەڕێدەکەون، ئەوان نایانەوێ لە شاشەوە بناسرێنەوە.
 
پەناخوازێکیان دەڵێت، "رێگەکە، لێرەوە دەبێت بچیت بۆ کۆمۆنیزیا، لەوێ بچیتە ژێر ئەکسڵەوە سەربکەویت. رێگەیەکی تا بڵێی مەترسیدارە، بەڵام ئەو رێگەیە هەیە لەگەڵ رێگەی فڕۆکە، بەڵام بە رێگەی فڕۆکە دەبێت پاسپۆرتی ساختە دروست بکەیت. بۆیە ئەوە کارێکی ئاڵۆزە، قورسترە و دەرچوونی کەمترە. جا دەتوانین بە ئاسانی لە کۆمۆنیزیاوە بپەڕینەوە. رێگەکە مەترسیدارە تاوەکو دەگەینە نێو کەشتییەکە و لەوێوە نۆ کاژێر بەڕێوە دەبین تاوەکو دەگەینە نێو ئیتاڵیا و خۆمان رادەستی حکومەتی وڵاتەکە دەکەین." 
 
پەناخوازێکی دیکە لەبارەی هۆکاری جێهێشتنی هەرێمی کوردستان و چوونی بۆ ئەوروپا دەڵێت، "دۆخی ئابووریمان باش نەبوو. لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدا بووین. ماوەی سێ چوار ساڵێک دەبێت هەر دەمویست جێیبهێڵم، بەڵام بۆم نەدەگونجا و شتی دیکە دەهاتە پێشەوە. ئەمجارە ئەم دەرفەتەمان بۆ هاتە پێش و جێمانهێشت." 
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەرەتای ئەمساڵەوە 12 هەزار و 600 کۆچبەر گەیشتوونەتەوە یۆنان، هەر لەمساڵیشدا دوو هەزار و 96 کەس لە دەریا خنکاون.
 
رۆژانە هەواڵی گەشتی بەلەمێکی نوێ و پر لە کۆچبەر دەگاتە نێو کەمپەکانی یۆنان، کاتێکیش دەگەن یاسای نوێی کۆچبەران دەیانگرێتەوە و لە کەمپێکی کاتی رایاندەگرن و کەیسەکانیان لێوەردەگرن. دواتر دەگوازرێنەوە بۆ کەمپێکی هەمیشە تاوەکو مافی پەنابەری وەردەگرن، ئەوەش لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵە، ئەوەی مافی پەنابەریش وەرنەگرێت دێپۆرتی وەلاتەکانیان دەکرێنەوە یاخود وەکو ئەو گەنجانە بەڕێی قاچاخ یۆنان بۆ وڵاتانی دیکە جێدەهێڵن.