٪73ـی ئەمریکییەکان پێیانوایە بایدن لەوە پیرترە ببێتەوە بە سەرۆک
رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین راپرسیدا لەسەر رکابەرایەتیی جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2024، زۆربەی ئەمریکییەکان پێیانوایە بایدن "زۆر پیرە" تاوەکو بۆ چوار ساڵی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی وڵاتەکە.
رۆژی دووشەممە، 04ی ئەیلوولی 2023، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئەنجامی راپرسییەکی لەبارەی بەربژێری دیموکراتەکان کە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپی یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی کۆمارییەکانە، بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "73٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە، پێیانوایە تەمەنی بایدن رێگەنادات ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا و تەنیا 47٪ـی بەشداربووەکان هەمان بۆچوونیان لەسەر ترەمپ هەیە."
جۆ بایدن تەمەنی 80 ساڵە و ترەمپ تەمەنی 77 ساڵە.
هەر لەو راپرسییەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا کە لە رۆژانی 24 بۆ 30 ئابی 2023 کراوە و هەزار و 500 ئەمریکی لە راپرسییەکەدا بەشداربوون، هاتووە، "58٪ی ئەمریکییەکان دەڵێن لە ماوەی سەرۆکایەتی بایدندا دۆخی ئابووریی وڵاتەکەیان خراپتر بووە. ئەمە لەکاتێکدایە زۆرینەی بەشداربووان لەو بڕوایەدان ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا دەستکەوتی زیاتری بەراورد لەگەڵ بایدن، هەبووە."
هەروەها راپرسییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە "تەنیا 36٪یان پێیانوایە بایدن دەتوانێت سەرۆکێکی سەرکەوتوو بێت، لەهەمان کاتدا 46٪ی بەشداربووان لەو بڕوایەدان ترەمپ لە گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی سەرکەتوو دەبێت".
لە ساڵی 2020، بایدن لە تەمەنی 77 ساڵیدا، بووە سەرۆکی ئەمریکا و بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایشە لە مێژوودا، ئەگەر هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووش بباتەوە، ئەوا تاوەکو کۆتایی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتی، بایدن دەبێتە 86 ساڵ.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بکرێت، ئەمریکییەکان دەنگ بە کامیان دەدەن؟ "40٪ـی بەشداربووەکان دەڵێن، دەنگ بە ترەمپ دەدەن. بەرامبەر بە 39٪ بۆ بایدن و 17٪شیان دەڵێن، هێشتا خۆیان یەکلانەکردووەتەوە."
هەرچی لەبارەی کێشە یاساییەکانی ترەمپەوە کە تائێستا رووبەڕووی چوار تۆمەتکراوەتەوە و بۆ دوویان چووەتە دادگە، 37٪ی دەنگدەران دەڵێن، بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە دەنگ بە ترەمپ نادەن. لە بەرامبەردا 24٪ی بەشداربووەکان دەڵێن، لە دوای دادگاییکردنی، دەنگ بە بەربژێرەکەی کۆمارییەکان دەدەن.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا، بایدن تەنیا بەجیاوازی 4.5٪ی دەنگەکان توانی بەسەر ترەمپدا سەربکەوێت.
بڕیارە 5ی تشرینی دووەمی 2024، 60مین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و بایدن بەربژێری دیموکراتەکانە و ترەمپیش یەکێکە لە بەربژێرە بەهێزەکانی کۆمارییەکان.