زۆریی ژمارەی ئاسکەکان کێشە بۆ پارکێکی واشنتن دەنێتەوە؛ پێشنیاری راوکردنیان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارکی رۆک کریک لە واشنتن دی سی ئەمریکا لە ساڵی 1890 دروستکراوە و بە هەبوونی ژمارەیەکی زۆری گیانەوەری جیاواز و چڕیی سەوزایی دەناسرێتەوە.
لە ساڵی 2013ـەوە ژمارەی ئاسکەکان لە پارکەکەدا یەکجار زیادیکردووە و ئەوەش وایکردووە، سەرپەرشتیارانی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەیاندا بن.
مێگن نۆرترەپ، بەرپرسی راگەیاندنی پارکی رۆک کریک دەڵێت، "100 ئاسک بۆ هەر میلێک لە پارکەکەدا هەن و بە گوێرەی لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش بۆ هەبوونی سیستمێكی ژیانی تەندروست لە پارکەکەدا پێویستە ژمارەیان 20 ئاسک لە هەر میلێکدا بێت".
رووبەری پارکەکە زیاترە لە حەوت کیلۆمەتر دووجا. 20 ساڵە سەرپەشتیارانی، لە رێگەی جیاکردنەوە و تەلبەندکردنی بەشێك لە دارستانەکە، هەوڵی پاراستن و گەورەبوونی ژمارەیەک درەخت دەدەن بۆ ئەوەی ئاسکەکان پێیان نەگەن.
ئانا چوکوین، رووەک ناس لە بەشی خزمەتگوزاریی پارکە نەتەوەییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "ویستمان ئەو جیاوازییە ببینین، کاتێک ئاسکەکان بەهیچ شێوەیەک دەستیان بە ناوچەکە ناگات. جیاوازی زۆر تێبینی کراوە لەو ناوچانەی کە تەلبەند کراون بەراورد بە ناوچەکانی دیکە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا."
بەرپرسانی پارکەکە راوکردنی سنوورداری ئاسکەکان وەک چارەسەرێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەیان و دووبارە ژیانەوەی پارکەکە دادەنێت.
تەیلەر چامبەرلین، راوکەری ئاسکەکان و راوێژکاری خانوبەرەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "سەرنجی ئێمە لەسەر راوکردنیانە و ئەوە یارمەتیدەر دەبێت لە گێڕانەوەی هاوسەنگیی سیستمی ژیان بۆ پارکەکە. ئێمە تاکە راوکەریانین و لێرە هیچ راوکەرێکی دیکەی ئاسکەکان نییە. ئەگەر ئێمە هیچ نەکەین، کێ بیکات؟"
دوای راوکردنی ئاسکەکانیش، گۆشت و پێستی ئاژەڵەکە دەفرۆشرێت و پارەکەشی بۆ ئەو کەسانە تەرخان دەکرێت کە کەمدەرامەتن و پێویستییان بە هاوکارییە.