زیلینسکی وەزیری بەرگریی ئۆکراینا لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە

04-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی وڵاتەکەی لە بواری سەربازیی و بەرگری دا، وەزیری بەرگریی ئۆکراینای دوورخستەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 3ی ئەیلوولی 2023، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، بڕیاریداوە ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی سەرۆکی ئۆکراینا لە کابینەکەی وەکو بەشێک لە پرۆسەی چاکسازی، بەتایبەتی لە بواری بەرگریدا دێت.
 
رێزنیکۆڤ لە مانگی تشرینی دووەمی 2021وە، وەزیری بەرگرییە و لە دووەم مانگی دەستبەکاربوونیدا، رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022، دەستیپێکرد. 
 
هەروەها زیلینسکی رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی جێگەی وەزیری بەرگری، رەستم ئومیرۆڤ، سیاسەتڤانی ئۆکراینی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوەکەی پێشکێش بە پەرلەمانی ئۆکراینا دەکات. 
 
پێش دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، رۆژی یەکشەممە، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاند، ئەمریکا زۆرترین هاوکاریی سەربازیی کردوون و زیاتر لە 50 ملیار دۆلار پێداویستیی سەربازی و چەک و تەقەمەنی بۆ کیێڤ دابینکردووە.
 
ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی ئۆکراینا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، لەسەرەتای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا نزیکەی 100 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازییان بۆ وڵاتەکەی دابینکردووە کە ئەمریکا بە تەنیا زۆرترین هاوکاری سەربازی بۆ دابینکردوون و زیاتر لە 50 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی پێداون. 
 
هەروەها رایگەیاندبوو، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ، سەرقاڵی هەنگاوی چاکسازین لە سوپاکەیان و گوتیشی "ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ، هەنگاوێکی جیدییە و هەنگاوی سەرەتا دەبێت بۆ دیاریکردنی پێکهاتەیەکی نوێی سەربازیی لە ئۆکراینا، گەرەنتیشە بۆ رێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک لەلایەن رووسیاوە لە داهاتوودا بکرێت". 
 
وەزیری لەکارلادراوی بەرگریی ئۆکراینا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، یەکێتیی ئەوروپا بەرنامەیەکی تایبەتی داناوە کە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا،  20 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی سوپای ئۆکراینا بکات و هەر ساڵە و پێنج ملیار دۆلار هاوکاری دابین دەکات، کە بەشێکی بریتی دەبێت لە مەشق و راهێنانی سەربازانی ئۆکراینی لەسەر چەکە پێشکەوتووەکانی وڵاتانی رۆژئاوا کە بۆ ئۆکراینای دابین دەکەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 31ی ئابی 2023، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتییەکەیان بڕیاریداوە تا کۆتایی ساڵ، مەشق بە 40 هەزار سەربازی ئۆکراینی بکەن. 
 
لەبارەی دابینکردنی فرۆکەی ئێف-16، لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاند چاوەڕێ دەکەن بەهاری ساڵی داهاتوو، ئەو فڕۆکانەیان بە دەست بگات، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە هەریەک لە وڵاتانی هۆڵەندا و دانیمارک رایانگەیاند، 20 فرۆکەی ئێف-16 دەدەنە ئۆکراینا.
 
لە 24ی ئابی 2023، ژەنەڕاڵ پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئەمریکا دەست بە مەشقکردن بە فرۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر فرۆکەی ئێف-16 دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا