ئەمریکا هەوڵی پاراستنی گورگی سوور لە قڕبوون دەدات؛ تەنیا 25 دانە ماون
رووداو دیجیتاڵ
گورگە ئەمریکییەکان کە بە گورگی سوور ناسراون مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە و رێکخراوە ژینگەیی و ئاژەڵدۆستەکان لە ناوچەیەکی کارۆلینای باکوور لە ئەمریکا هەوڵی پاراستنیان دەدەن.
دوای کەمبوونەوەی ژمارەیان و نزیکبوونەوەیان لە قڕبوون لە ناوچەکە، دەرکەوتنەوەیان بووەتە چیرۆکێکی سەرکەوتن لە ناوچەکەدا، ئەوەش دوای هەوڵی رێکخراوەکان بۆ گێڕانەوە و پاراستنیان.
ئێستا ژمارەی گورگە سوورەکان گەیشتووەتە 25، کە 13 یان لەژێر چاودێریدان. رۆن سوسەرلاند، ئەندامی تۆڕی پاراستنی ناوچە کێوییەکان دەڵێت، "یەکەمین جارە ئەو ژمارە زۆرەی گورگەکان دەگەڕێنەوە ئێرە ئەوەش دوای ماوەیەک لە ونبوونیان."
ساڵی 1973 یاسایێکی تایبەت بە پاراستنی گیانلەبەران لە قڕبوون دەرکرا و گوورگە سوورەکان خرانە لیستی ئەو گیانەوەرانەی کە مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە.
بەهۆی هەوڵەکانی حکومەت و بەرپرسانی ناوچەکەوە، ژمارەی گورگەکان لەنێوان ساڵانی 1987 بۆ 2012 لە چوار جووت گورگەوە گەیشتە 120 گورگ.
نەبوونی خاکی پێویست، کەمبوونەوەی رووبەری ناوچەکەیان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ناوچەکە و راوکردنیان لەلایەن خاوەن زەوی و باخەکانی ناوچەکەوە هۆکاری کەمبوونەوە و دروستبوونی مەترسی لەنێوچوونیانە. بۆیە رێکخراوە ژینگەییەکان رێنوێنیی بە خاوەن موڵک و باخەکانی ناوچەکە دەدەن بۆ پاراستن و راونەکردنی گورگەکان.
خۆراکی سەرەکیی گورگەکانی ناوچەکە سمۆرە، کەروێشک و سەگی راکۆنە و رۆڵی گەورەیان لە پاراستنی سوڕی ژینگەیی ناوچەکەدا هەیە.