رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەم مانگە کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور بە شەمەندەنەفەرێکی تایبەت سەردانی رووسیا بکات و لەوێ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە؛ هاوکاری سەربازی رووسیاش لەلایەن کۆریای باکوورەوە ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئەیلوولی 2023، میدیای ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا و ئەوروپا بڵاویکردووەتەوە کە ئەم مانگە، رێبەری کۆریای باکوور لە شاری پیۆنگیانگی پایتەختی وڵاتەکەیەوە، بە شەمەندەنەفەرێکی "تایبەتی گوللەنەبڕ" بچێتە شاری ڤلادیڤۆستۆک لە رۆژهەڵاتی رووسیا و لەوێش لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە.
بەرپرسەکانی رۆژئاوا ئاماژەشیان بەوە کردووە، رەنگە کیم سەردانی مۆسکۆش بکات، بەڵام جارێ ئەوەیان دیارنییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپا لەو کۆبوونەوەیە، چاوەڕێ دەکرێت، پووتین داوای هاوکاری لە رێبەری کۆریای باکوور بکات و لەبەرامبەریشدا مۆسکۆ، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، لەگەڵ خۆراک بۆ کۆرییەکان دابین دەکات.
لەو سەردانەیدا بۆ رووسیا، بڕیارە کیم جۆنگ ئون، بەشداری لە دیداری ئابووری رۆژهەڵات بکات کە لەو شارەی رووسیا لە 10 بۆ 13ی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت.
رۆژی چوارشەممە، 30ی ئابی 2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، رایگەیاند لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە هەواڵگریانەی دەستیان کەوتوون، کیم و پووتین، نامەیان گۆڕیوەتەوە، لەبارەی هاوئاهەنگیی سەربازی و کۆشکی سپی داوای لە کۆریای باکوور کرد، هائاهەنگییە سەربازییەکانی لەگەڵ رووسیا رابگرێت.
ئەگەری سەردانی رێبەری کۆریای باکوور بۆ رووسیا، لەکاتێکدایە کە لە مانگی تەممووزی رابردوو، سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا سەردانی کۆریای باکووری کرد و لەوێ بەشداری لە ئاهەنگی یادی 70 ساڵەی سەرکەوتنی کۆریای باکوور بەسەر کۆریای باشوور و ئەمریکا، لە جەنگی کۆریادا کرد.
هەر لەو سەردانەیدا، وەزیری بەرگریی رووسیا لەگەڵ رێبەری کۆریای باکوور، سەردانی پێشانگەیەکی چەک و تەقەمەنییان کرد و لەوێ نمایشی چەکە نوێیەکانی کۆریای باکوور کرا، کە لەنێویاندا مووشەکی بالیستی هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ