لە خۆپێشاندانی دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد سێ کەس دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

سێ خۆپێشاندەر لە شاری ماملۆی باشووری سوێد، لەلایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی سووتاندنی چەندین ئۆتۆمبێل دەستگیر کران، لەدوای ئەوەی لە سەنتەری شارەکە سەلوان مۆمیکا، کۆپییەکی دیکەی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
رۆژی دووشەممە، 4ی ئەیلوولی 2023، پۆلیسی شاری مالمۆ رایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕوپێکدادانی خۆپێشاندەران و پۆلیس لە سەنتەری شارەکە، 13 خۆپێشاندەریان دەستگیرکردووە، بەڵام دواتر 10یان ئازادکردوون و ئێستا تەنیا سێیان دەستبەسەرن، دوای ئەوەی چەندین ئۆتۆمبێل سووتێندران و زیانیان بە موڵکی گشتی شارەکە گەیاند.
 
ئەو ئاڵۆزییەی نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران دوای ئەوە هات کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 3ی ئەیلوول، سەلوان مۆمیکای پەنابەری عێراقی کۆپییەکی دیکەی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش موسڵمانانی شارەکەی تووڕە کرد و بە بەرد هێرشیانکردە سەر سەلوان، بەڵام دواتر پۆلیس رێگرییان لە خۆپێشاندەران کرد و ئاڵۆزییەکانی نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس تا بەیانی رۆژی دووشەممەش بەردەوامبوو.   
بەگوێرەی میدیای سوێدی، نزیکەی 200 کەس بەشداری خۆپێشاندانەکەی رۆژی یەکشەممەیان کردووە و دواتر پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هەندێک لەخۆپیشاندەران تووڕەبوون لە دوای ئەوەی رێکخەری گردبوونەوەکە هەندێ کاخەزی سووتاندووە و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی رۆیشتووە و هەندێک لەوانەش تووندوتیژیان کردووە". 
 
پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کردووە لە دوای ئاڵۆزبوونی دۆخەکە سەلوان مۆمیکا شوێنی رووداوەکەی بەجێهێشتووە، بەڵام خۆپێشاندەران بە بەرد هێرشیان کردووەتە سەر مۆمیکا، دوای ئەوە پۆلیس دۆخەکەی کۆنتڕۆڵکردووە و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس مۆمیکایان گواستووەتەوە. 
 
پۆلیس لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت،" 13 خۆپێشاندەریان دەستگیر کردووە، بەڵام هەرزوو 10یان ئازاد کراون".
 
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، مۆمیکا چەندین جار کۆپی قورئانی پیرۆزی سووتاندووە و پۆلیسی سوێدی رێگری لێنەکردووە، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو کردارە بەگوێرەی دەستووری سوێد، بەشێکە لە ئازادی رادەبڕین، بەڵام حکومەتی سوێد سەرکۆنەی ئەو کارەی مۆمیکای کردووە. 
 

ئەو کردەوەیەی مۆمیکا شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە وڵاتانی ئیسلامی و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا هێناوە. 
 
لە 19ی تەممووزی 2023، خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندیان. دواتر حکومەتی عێراقی باڵیۆزی سوێدی لە وڵاتەکە دەرکرد. 
 
لە 15ی ئابی 2023، سوێد، رایگەیاند مەترسی لەسەر دۆخی ئەمنی وڵاتەکەی هەیە، لە دوای ئەوەی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوڕاست هەڕەشەی دەرکردنی باڵیۆزی سوێدیان کرد و سنوورەکانیشی تووندتر کرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رێگریکردن لە هەر پەرچەکردارێک بەرامبەر بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، لەلایەن مۆمیکاوە. 
 
هەر مانگی ئابی رابردوو، دانیمارک کە لەوێش چەند جارێک کۆپی قورئان سووتێندرا، رایگەیاند لە پلانیدایە ئەو کردەوەیە قەدەخە بکات.