ئاگرکەوتنەوە لە کالیفۆرنیا 100 ماڵ و باڵەخانە دەسووتێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە 2ی ئەیلوولی 2022ـەوە، ئاگر لە ناوچەی سیسکیووی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا دارستانەکانی کەوتووەتەوە. ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا باری نائاسایی راگەیاندووە و داوا دەکات هاووڵاتییان کە نزیکن لە شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکە خانووەکانیان جێبهێڵن.
 
هۆکاری سەرەکی کۆنترۆڵنەکردنی ئاگرەکە بایەکی بەهێزە کە خێراییەکەی 58 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا؛ هەر بۆیە 809 دۆنم زەوی لە کاژێرێکدا دەسووتێنێت.
 
ریک کارهارت، گوتەبێژی ئاژانسی ئاگرکەوتنەوەی کالیفۆرنیا رایگەیاند، "ئەیلوول و تشرینی یەکەم دوو خراپترین مانگن بۆ ئاگرکەوتنەوە لەم بەشەی ویلایەتەکە، چونکە دەمێکە باران نەباریوە. هەموو رۆژ و مانگێک کە بێ باران بەڕێدەکەین ناوچەکە وشکتر دەبێت، ئەمەش بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە دوای کەوتنەوەی ئاسانتر دەکات. یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە ئەم ناوچەیە زۆربەی کات بای هەیە، هەر بۆیە با یەکێکە لە هۆکارەکانی خێراتر بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە." 
 
زیانی ئاگرەکە زۆرە و کۆنترۆڵکردنیشی نزیک نییە. بە گوێرەی ئاژانسی ئاگرکەوتنەوەی کالیفۆرنیا، ئاگرەکە 6 هەزار و 886 دۆنم زەوی سووتاندووە و تەنیا 5٪ کۆنتڕۆڵیان بەسەر ئاگرەکەدا هەیە. 
 
هەر بۆیە داوا لە 7500 دانیشتووی ناوچەی سیسکیووی کراوە ماڵەکانیان جێبهێڵن؛ هەروەها تاوەکو ئێستاش 100 خانوو و باڵەخانە سووتاون و دوو کەسیش برینداربوون. 
 
دەیڤ رۆدگەرز، دانیشتووی ناوچەکەیە و دەڵێت، "هەمووان یەکتری دەناسن، هەمووان وەکو خێزانێکین و بەیەکەوە گەورە بووین. ئاگر چەند ساڵێک پێش ئێستا زۆر شتی لێبردین، بەڵام بەیەکەوە بەرگەمان گرت؛ ئێستاش دووبارە دەبێت، خۆڕاگربین." 
 
لە پێنج ساڵی رابردوودا کالیفۆرنیا زۆرترین ئاگری تێدا کەوتووەتەوە لە مێژووییدا. ساڵی 2022ش ئاماری ئاگرکەوتنەوەکان بەم جۆرەن؛ لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 5 هەزار و 828 ئاگر لە کالیفۆرنیا کەوتووەتەوە و 328 هەزار و 93 دۆنم زەوی سووتاندووە؛ 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 507 باڵەخانە و خانووش سووتاون.