رووداو دیجیتاڵ
لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، رێوڕەسمێک بەبۆنەی یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژی و رفاندنی کوردانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە کرایەوە.
رێوڕەسمەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ناوەندیی ئێزدییەکان رێکخرابوو. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بەهۆی ئەوەی رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە، "ناوچەکانیشی بە ناسەقامگیر و ناسەلامەت ماونەتەوە".
لە پاڵ ستایشکردن بۆ لەخۆگرتنیان، رێبەر ئەحمەد داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد، بەگوێرەی پەیماننامەی پەنابەران، ئێزدییەکان نەگەڕێندرێنەوە شوێنێک کە تێیدا "ژیان و ئازادییان لە مەترسیدابێت".
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە لە هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی کوردانی ئێزدی بەردەوام دەبن و پابەندیش دەبن بە رەخساندنی دادپەروەری بۆیان و بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکاندا هەبووە.
"لە شەڕی رزگارکردنی شنگال دا 500 پێشمەرگە شەهید بوون"
رێبەر ئەحمەد راشیگەیاند، مانگی تەممووزی ئەم ساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆگرامێکی پاڵپشتی مادی راگەیاند، کە تێیدا 3000 کچ و ژنی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش مانگانە بڕە پارەیەک وەردەگرن.
رێبەر ئەحمەد ئەوەی بیرهێنایەوە کە شنگال بە "هەوڵی بوێرانەی هێزەکانی پێشمەرگە" رزگارکراوە، "لە شەڕی رزگارکردنیشیدا 500 پێشمەرگە شەهید بوون."
بەڵام رێبەر ئەحمەد رەخنەی لەوە گرت کە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە کە لە ئۆکتۆبەری 2020 بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆی لەسەرکراوە.
وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئامانج لە رێککەوتنەکە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە، ئەویش بە رەخساندنی سەقامگیری، ئاسایش، ئیدارەیەکی سڤیل و دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئەوانەی لە 2014ەوە ئاوارەبوون."
رێبەر ئەحمەد جەختیکردەوە "رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە و ناوچەی ئێزدییەکانیش بە ناسەقامگیرو ناسەلامەت ماوەتەوە."
فوئاد حوسێن: حکومەتی عێراق شنگالی خستووەتە نێو پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە
هەر لە هەمان رێوڕەسمەکەدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتارێکی بە ستایشکردنی حکومەتی ئەڵمانیا و پەرلەمانەکەی دەستپێکرد کە جینۆسایدی کوردانی ئێزدییان ناساندووە.
فواد حوسێن گوتی، "10 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێپەڕیوە رێکخراوی تیرۆرستی داعش جینۆسایدێکی لە دژی ئێزدییەکانی عێراق بەرپاکرد. تاوانی قێزەون بە دڕندانەترین شێوە بۆ لەکەدارکردنی بەهای مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی مافی کەسی (بەرامبەر کوردانی ئێزدی) ئەنجامدرا." فواد حوسێن جەختیشی کردەوە کە هێرشکردنە سەر ئێزدییەکان "هەوڵێک بوو بۆ کۆتاییهێنان بە بوونیان لە عێراق."
لە یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزی، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیکردەوە کە لە هەوڵی "ناساندنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەیان" بەردەوام دەبن.
فوئاد حوسێن دەڵێت: حکومەتی عێراق لەچوارچێوەی چەند دامەزراوە و پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری، پاڵپشتی دارایی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی بۆ ئێزدییەکان دابینکردووە. شنگالیشی خستووەتە نێو پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و، لە بودجەی 2021-2025 پاڵپشتی دارایی بۆ بڕیوەتەوە.
حکومەتی عێراق لیژنەیەکیشی پێکهێناوە بۆ گەڕان بەدوای رفێندراوانی ئێزدی بە ئامانجی زانینی چارەنووسیان، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ گەڕاندنەوەیان."
زەمفیرا دلۆڤانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی ئێزدییان لە ئەڵمانیا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "10 ساڵ لەمەوبەر جینۆساید لە دژی ئێزدی کرا، ئەمە رووداوێکی تاڵ و ژانێکی گەورەیە کە بەسەر گەلی ئێمەدا هات. هەزاران خەڵکی بێتاوان گیانیان لەدەستدا و زۆریشیان ئاوارە بوون. ئەوان هێرشیان کردە سەر ماڵباتەکان و لێکیان دابڕین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا ویستێکی گەورە لە گەلی ئێمەدا هەبوو".
دلۆڤانی باسی لەوە کرد، نیسانی ئەم ساڵ سەردانی کامپی پەنابەرانی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە نزیکەوە چاوی بە لێقەوماو و ستەملێکراوان کەوتووە. هیوای لێخۆشبوونی بۆ ئەوانە خواست کە گیانیان لەدەستداوە.
پیر خەتاب: هیوادارین عێراقیش وەکو ئەڵمانیا کارەساتەکە بە جینۆساید بناسێنێت
هەروەها پیر خەتاب خەلەف، قەواڵی ئێزدیان رایگەیاند، هەموو ئایینێک بیروباوەڕی خۆی هەیە و ئێزدیش خاوەن بیروباوەڕی خۆیانن. سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی خەلەف گوتی:"خوا حەقی هیچ کەسێک لای ئەوەی دیکە ناهێڵێت. دڵنیابن حەقی ئێمەش لای ئەوان نامێنێتەوە. لە ئێزدیاتیدا ئەمە هەیە کە هەموو کەسێکی ستەملێکراو خۆی دێتە دەنگ و دەڵێت، من کوڕی یانیش کچی فڵان کەس بووم و لە شنگال کوژرام".
پیر خەتاب دوای گوتارەکەی، سرووتێکی تایبەت بە ئێزیدیانی خوێندەوە. دواتریش هیوای خواست، چۆن ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بە جینۆساید ناساندووە، عێراقیش بە هەمان شێوە رووداوەکە بە جینۆساید بناسێنێت.
ئەندامێکی شارەوانیی دۆسلدۆرف: جگە لە کوژران، بەشێکی کوردانی ئێزدی فرۆشران
ئێلکە ڤویتل، ئەندامی شارەوانیی دۆسلدۆرف گوتارێکی پێشکێشکرد و وەبیریهێنایەوە کە کوردانی ئێزدی جگە لەوەی بەشێکیان کۆمەڵکوژ کران، بەشێکیشیان فرۆشران و ستەمیان لێکرا.
ڤویتل هەڵوێستی ئەڵمانیای بەرز نرخاند لە ناساندنی جینۆسایدی دژی کوردانی ئێزدی و گوتی:"تەواوی ئەو بەڕێزانەی لێرەن باوەڕیان بە دیموکراسی و مافەکان هەیە. لای ئیمە ئازادیی رادەربڕین خاڵێکی گرنگە. مرۆڤ لەسەر هەر چ بیرو باوەڕێک بێت، نابێتە کێشە. چونکە لای ئێمە خاڵە گەوهەرییەکە مرۆڤبوونە. لەکاتێکدا ئێمە لەم کەنیسە گەورەیەدا بۆ ساڵیادێکی وەها کۆبووینەتەوە، ئەمە نیشانەی رێزگرتنمانە لە مرۆڤایەتی و مافەکانی".
ئورتاج: کوردێکی ئێزدی داوای دروستکردنی یادگەی ئێزدیانی کرد و 50 یۆرۆی پێدام
عیرفان ئورتاج، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی ئێزدییان لە ئەڵمانیا لە گوتارەکەیدا باسی لە کۆمەڵکوژیی سەر کوردانی ئێزدیی کرد و جەختیکردەوە کە ئەوە کۆمەڵکوژییەک نییە بتوانرێت بە ئاسانی باسی بکرێت.
ئورتاج هەروەها باسی لە گرنگیی نەهێشتنی رق و کینە، لێکتێگەیشتن و ئاشتەوایی کرد و گوتی: "ئێزدی دەبێت بتوانن بڕیاری لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن. لە سووریا، تورکیا و عێراق، تەنانەت لە ئەڵمانیاش. من لە شارەوانی ئاوسبۆرگ بووم کە ئەوکات سێ هەزار ئێزدی لەوێ بوون. دەرفەتی ئەوەم هەبوو لەگەڵ چەند کەسێک قسە بکەم کە لە کۆمەڵکوژییەکەی شنگال رزگاریان ببوو و رووداوی زۆر ناخهەژێنم بیست، بەڕاستی کاریگەریی زۆری لەسەر دروستکردم. یەکیکیان گوتی: دەمەوێت حکومەتی ئەڵمانیا یادگەیەکی تایبەت بە کۆمەڵکوژیی ئێزدییان دروست بکات. دەستی گرتم و گوتی: لێمانگەڕێن خۆمان داهاتووی خۆمان دیاری بکەین. با خۆمان زێدی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە. 50 یۆرۆی خستە نێو دەستم و گوتی: ئەمەش پشتگیریی من بۆ ئەو یادگەیە.
عیرفان ئورتاج بە پێویستی زانی کەسانی رزگاربوو و ستەمدیدەی دەستی داعش چاودێری بکرێن و فەرامۆش نەکرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو مەرگەساتەی شوێنەواری لەسەریاندا جێهێشتووە، بژین.
ئورتاج هەروەها باسی لەوە کرد، هەفتەیەک دوای ئەو دیدارە، لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی ئێزدی بووە و دواندوونی. "ئەو گەنجانە زۆر شتی تازەیان باسکرد و بیرۆکەی تازەیان خستە هزرییەوە".
راشیگەیاند، ئیدی پێویستە ئەو گەنجانە نەکرێنە پرۆژەی کەسانی دیکە و کار بۆ خۆیان بکرێت.
راسپێردراوی حکومەتی ئەڵمانیا: من دەنگی کوردانی ئێزدیم
هەروەها فرانک شڤابە، راسپێردراوی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ئازادی ئایینی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ئەو دەنگی کوردانی ئێزدییە و داکۆکی لە تەواوی ستەمدیدەکانی دەستی داعش دەکات و گوتی: "ئەو کۆمەڵکوژییە چەندین گرتەی ڤیدیۆیی و تراژیدیای لەدوای خۆی جێهێشتووە. پێویستە ئەمە هۆکارێک بێت بۆ لەبیرنەکردن و یادکردنەوەی، بەو نیازەی دووبارە نەبێتەوە."
گوتی: "ئێمە پشتگیریی ئەوان دەکەین لە بابەتی دیاریکردنی چارەنووس و داهاتووی خۆیان. ژمارەیەکی زۆر ئێزدی لای ئێمە هەن. بەڕاستی جێی خۆشحاڵییە کە ئەڵمانیا بووەتە وڵاتی دووەمی ئەوان. لێرە دەتوانن لە ئاسایشدا بژین. من سوپاسی لایەنی پەیوەندیدار دەکەم. ئێمە پەیڕەوانی زۆر ئایینمان لان؛ بەتایبەتی بووزی و موسڵمان و زۆری دیکە. جا ئێزدیش لێرە تێکەڵبوون لەگەڵیان".
سەبارەت بە بەرپرسیارێتی ئەڵمانیا لە داڵدەدانی کوردانی ئێزدی، فرانک شڤابە گوتی: "ئەڵمانیا لەم باباتەدا خاوەن بەرپرسیارێتییەکی گرنگە. ئەڵمانیا هەنگاوێکی گرنگی نا کاتێک جینۆسایدی ئێزدیانی پەسندکرد. من لێرەوە سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانەمان دەکەم کە لەسەر ئەم بابەتە کاریان کرد و گەیاندیانە بڕیار.
دەڵێت: "حکومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ زۆر گرنگیی بەو ئێزدییانە دا کە دەستیان لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵگرت و روویان لێرە کرد. ئەوان خۆیان لە کۆمەڵکوژی رزگارکرد و لای ئێمە شوێنی خۆیانیان کردەوە. ئەوان لە باکووری عێراقدا ژیانێکی خۆیان هەبوو. ئەمڕۆ نوێنەریان لێرەیە و سوپاسیان دەکەم. هەروەها نوێنەرانی حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستانیش لێرەن. پێویستە حکومەتی ناوەندی هەموو شتێک بەردەست بکات بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لەسەر کولتووری خۆیان درێژە بە ژیان بدەن. بەتایبەتی کە ئەمڕۆ ساڵیادیانە، دەبێت ئێمە بیر لەوە بکەینەوە ئاخۆ دەتوانین چی بۆ ئەو گەنجانە بکەین. ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان بەرپرسیاریەتیی سەرەکییە".
سەبارەت بە رفاندن و ئەشکەنجەدانی ژنان، فرانک شڤابە باسی لەوە کرد کە ژنان قوربانیی سەرەکی بوون و زۆرترین تاڵییان چەشت. "پێویستە حکومەتی ئەڵمانیاش پشتگیریی تەواوی ئێزدییان بکات بۆ ئەوەی هەنگاو لە بەرژەوەندیی ئەوان بنرێت. هەروەها لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا دەبێت ئەو بابەتە گەنگەشە بکرێت و بیر لەوە بکرێتەوە کە دەتوانرێت چی بکرێت. ئێمە روومان لە داهاتووە و سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە کاری پێویست لەم بابەتەدا بکرێت، بۆ ئەوەی ئێزیدییەکان بتوانن دەست بە ژیانێکی تازە و قۆناخێکی تازە پێ لە ئاسایش بکەن".
قەشە میشائێل گێربەر: دەبێ ئەو ئاسایشەی لێرە بۆ ئێزدییەکان هەیە لە عێراقیش هەبێت
هەروەها قەشە میشائێل گێربەر، جێگری سەرۆکی کۆنفرانسی قەشەکانی ئەڵمانیا لە گوتارێکیدا باسی لەو دۆخە سەختە کرد کە کوردانی ئێزیدی پێیدا رۆیشتوون و گوتی: "بەڕاستی پێویستە هەمووان پشتگیرییان بکەین بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لەوەش گرنگتر دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی پێویستیان بە چ زەمینەسازییەکە بۆ ئەوەی بتوانن دووبارە لە زێدی خۆیان و لەسەر ئایینی خۆیان دەست بە ژیانی ئاسایی بکەنەوە. چونکە بابەتی ئاسایش و پاراستنیان زۆر گرنگە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت. پێویستە هەمان ئەو ئاسایشەی ئێستا هەیانە، لەوێش هەیانبێت".
قەشە میشائێل گێربەر، هەروەها باسی سەردانی چەند ساڵ لەمەوبەری پاپا فرانسیسی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کرد کە لە موسڵ سەردانی چەند پەرستگەیەکی ئایینە جیاوازەکانی کرد. قەشە میشائێل لەمبارەیەوە گوتی: "پاپا فرانسیس لەو سەردانەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئایینزا جیاوازەکانی عێراق پشتگیریی یەکدی دەکەن و لەگەڵ یەکدی باشن".
10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدیدا تێپەڕی. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2800 کوردی ئێزدیی رفێندراو لەلایەن ئەو رێکخراوە پەڕگیرەوە بێسەروشوێنن؛ هەروەها لە 119 گۆڕی بەکۆمەڵ تەنیا 50 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و زیاتر لە نیوەی رووفاتەکانیش لە بەغدان.
رۆژی 3-8-2014 داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال ئەنجامدا و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.
بەگوێرەی ئۆفیسی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، تاوەکو ئێستا 6420 رفێندراو تۆمارکراون، 3570 کەسیش بە دەستپێشخەری ئەو ئۆفیسە رزگار کراون.
لە گەڵ دەستپێکردنی شاڵاوی ئاوارەو دەربەدەربوونی کوردانی ئیزدی، حکومەتی هەرێمی کوردستان 15 کامپی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کردەوە، ئێستا ئەو کەمپانە زیاتر 124000 لەخۆ دەگرن، 230 هەزار کەسیش لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێ بوون.