لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی بەریتانیادا 50 پۆلیس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری نۆتینگهامی نێوەڕاستی بەریتانیا گرژی کەوتە نێوان خۆپێشاندەرە راستڕۆکان و پەناخواز و لایەنگرەکانیان. بەهۆیەوە لانیکەم 50 پۆلیس بریندار بوون.
ئالفی واڵەس، خۆپێشاندەری راستڕۆیە و دەڵێت: "هێرشکردنە سەر 10 کەس بە چەقۆ، کردەوەیەکی بەریتانی نییە. ئەگەر بێیتە ئەم وڵاتە، دەبێت ببیتە بەریتانی و بەها بەریتانییەکان پەیڕەو بکەیت."
ستیورت هالفۆرتی، لایەنگری کۆچبەرانە و دەڵێت: "پێم وایە ئەمە شاری هەمووانە، چونکە شارێکی فرە نەتەوەیە و دەبێت لەنێو شارەکانمان ئازادانە بژین؛ دوور لە خۆپێشاندەرانی راستڕۆکان."
سەرچاوەی ئاڵۆزییەکان بۆ رووداوەکەی دووشەممەی رابردووی شاری ساوسپۆرت دەگەڕێتەوە، کاتێک گەنجێکی تەمەن 17 ساڵی وەیڵزی لە دایک و باوکێکی پەناخوازی خەڵکی رواندا هێرشی کردە سەر ژمارەیەک منداڵ لە ناوەندێکی فێرکردنی سەما و دوو منداڵی کوشت و 10ی دیکەشی بریندارکرد.
لە چەند رۆژی رابردووی خۆپێشاندان و گرژییەکاندا زیاتر لە 100 کەس دەستگیرکراون.
یوڤێتی کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت: "تووندوتیژی، تاوانکاری و ئاژاوەگێڕی لە شەقامەکانی بەریتانیا جێگەی نابێتەوە. پاڵپشتی تەواوی پۆلیس دەکەین بۆ ئەوەی بە تووندترین شێوە رووبەڕووی تاوانباران ببێتەوە".
هێزی زیاتر لە شوێنە جیاوازەکان بڵاوبووەتەوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی شەممە لە ئەنجامی گرژییەکانی نێوان خۆپێشاندەر و پۆلیس، زیاتر لە 50 ئەفسەر بریندار بوون.