رووداو دیجیتاڵ
لە بەنێوبانگترین کەنیسەی شاری فرانکفۆرت ئام ماینی ئەڵمانیا کە کەنیسەی پاولوس کیرشە، رێوڕەسمێک بۆ یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچوو.
لە یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال، هێشتا فرمێسک لە چاوەکانی خەڵکی شارەکە وشک نەبوونە.
وەزیری دەرەوەی عێراق، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک سیاسەتڤان و پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لەو رێوڕەسمەدا هاوسۆزییان بۆ هاونیشتمانییانی ئێزدی دەربڕی. هاوسەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، کە راوێژکاری وڵاتەکە لەسەر پشکی ئەوانە؛ دەڵێت، دەبێت دۆخێکی پێکەوەژیان بۆ پێکهاتە جیاجیاکان لە عێراق بڕەخسێندرێت.
ساسکیا ئێسکن، هاوسەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا دەشڵێت: "گرنگە ببینین کە حکومەت و پەرلەمانە فیدراڵییەکانی ئەڵمانیا و نێردەی حکومەتی فرانک شڤابە بەردەوام سەردانی عێراق، ناوچە ئێزدی نشینەکان و هەرێمە کوردییەکان دەکەن. لەوێ، بێگومان لەگەڵ حکومەتی عێراق کار دەکەن بۆ ئەوەی پێکەوەژیانی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی هەرێمێکدا و پێکەوەژیانی نەتەوەکانیش لە عێراقدا باشتر بێت."
نێردەی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ئازادییە ئایینییەکان بە رووداوی گوت، ئەڵمانیا پشتگیری لەوە دەکات کوردانی ئێزدی، بە تایبەتی دۆخێکی لەباریان بۆ پراکتیزەکردنی ئازادیی ئایینیی خۆیان هەبێت.
فرانک شڤابە، نێردەی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ ئازادیی ئایینی دەڵێت: "بەداخەوە، جینۆساید و تووندوتیژیی [هاوشێوەی جینۆسایدی] کوردانی ئێزدی لە سەرتاسەری جیهان روودەدەن. ئەمە نموونەیەکی زۆر خراپی چەوساندنەوەی ئایینییە، بەتایبەتی لەو کاتەدا قورسە کە ئایینێک دەڵێت، کەسێک لە باوەڕ دەرچووە. ئەڵمانیا بەتایبەتی بۆ ئێزدییان و بە گشتی کار بۆ پاراستنی ئەم کەمینانە دەکات."
چوار پەرلەمانتاری ئەڵمانی لە سێ فراکسیۆنی جیاجیا، لە بەرامبەر پاڵپشتییان بۆ کوردانی ئێزدی خەڵاتکران و، ئەوان دەیانەوێت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەکی باشیان بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شنگال هەبێت و دیپۆرتکردنی کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا بوەستێنن.
دەریا تورک ناخباوەر، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێت: "ئامانجمان ئەوەیە حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەولێر پێکەوە ستراتیژییەکی هاوبەش دابنێن بەجۆرێک ئەو خەڵکە بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. هەموو کەسێک دەیەوێت ئەو دەربەدەرییەی لە وڵاتی خۆیان تووشی هاتوون، کۆتایی بێت. لە داهاتوودا، سەردانی شنگال دەکەین و دۆخی ناوچەکە بە چاوی خۆمان دەبینین. بەڵام کاری لەپێشینەمان ئەوەیە کە دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی ناوەندی و هەولێر بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئاسایشی شنگال چۆن بەرقەرار دەبێت. ئەڵمانیا بە بڕێک پارەوە لەوێیە. ئێمە زۆر شت بونیات دەنێین. نەخۆشخانە و شتی دیکە لە شنگال دروستکراون. بێگومان دەبێت ئەم کارانە درێژخایەن بن و ئەو شوێنە پێویستی بە ئاسایشی زیاترە."
پیتەر هایت، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا دەڵێت: "بەڵێ، من لەگەڵ راگرتنی دیپۆرتکردنم. هیچ مانایەک نییە ئەم خەڵکە بگەڕێندرێتەوە. جارێکیان وەزارەت پێی گوتم تا ئێستا تەنیا ئەو کەسانە دیپۆرت دەکەن کە یاسا پێشێل دەکەن. بەڵام ئێستا زانیم، ئەمڕۆ گوێم لەم چالاکییە گرت و زانیم کە بەو جۆرە نییە. خەڵک بەبێ ئەوەی یاسا پێشێل بکەن، دیپۆرت دەکرێن. لە رۆژی دووشەممەوە چاودێری دەکەم بۆ ئەوەی دیار بێت، ئەوانەی یاسا پێشێل دەکەن دیپۆرت دەکرێن، بەڵام ئەگەر یاسایان پێشێل نەکردبێت، نابێ دیپۆرت بکرێن."
برینی کۆمەڵکوژیی هاونیشتمانییانی ئێزدی بۆ دوورە وڵاتان، هاونیشتمانی و هاوباوەڕان وەکو خەڵکی شنگال، هێشتا چاوەڕێی ساڕێژبوونە.
کوردانی ئێزدی و هاوخەمیان کە لە هۆڵی کەنیسەی پاولوسی فرانکفۆرت کۆبوونەوە، داواکاریی سەرەکییان ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان، پێش ئەوەی چەند ساڵێک تێپەڕێت، ئەو ئێزدییانەی کە هێشتا لە کەمپەکاندان، بگەڕێنەوە و چارەنووسی کچ و ژن و منداڵ و بێسەروشوێنبووان بە یەکجاری دیار ببێت. هێشتا ئەم خەمەیان کۆتایی نەهاتووە، بۆیە دەپرسن کێ دەتوانێ ئەم خەمەمان سووک بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ