ترەمپ لەبەردەم دادگە: بێ تاوانم
رووداو دیجیتاڵ
سەۆکی پێشووی ئەمریکا لەسەر چوار تۆمەت کە ئاراستەی کرابوون، چووە بەردەم دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا لە واشنتن، لەوانەش هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەساڵی 2020 و هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس لە ساڵی 2021. دوای دادگەییکردنەکەش، ترەمپ دادگەییکردنەکەی بە "رۆژێکی خەمناک بۆ ئەمریکا" ناوبرد.
رۆژی پێنجشەممە، 3ی ئابی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بۆ دواجار لە واشنتن دی سی چووە بەردەم دادگەی فیدراڵی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون. ترەمپ رایگەیاند، ئەو تاوانبار نییە بەرامبەر بەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، بە تایبەت تۆمەتی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020.
ئەمە سێیەمجارە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناچار دەکرێت بچێتە بەردەم دادگە. ئەمجارە چوار تۆمەتی ئاراستە کرابوون، دوو تۆمەتیان تایبەین بە فێڵکردن و ساختەکردن بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن، دوو تۆمەتەکەی دیکەش رێگری لە پرۆسەی فەرمی حکومەت بۆ هەژمارکردن و پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە، لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکان لەسەر ترەمپ، هەندێک لەو تۆمەتانە سزاکەی 20 ساڵ زیندانیکردنە.
رۆژی چوارشەممە، 2ی ئاب، راوێژکاریی تایبەتی وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتەکانی ئاراستەی ترەمپ کرد و داوای لێکرد لە یەکێک لە دادگەکانی پایتەختی ئەمریکا ئامادە بێت.
ترەمپ کە ناچاربوو لە شاری نیوجێرسیی ئەمریکاوە بە فڕۆکە تایبەتەکەی بێتە واشنتن و لەبەردەم دادگەش دژبەرانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گردبوونەوە و داوای زیندانیکردنی ترەمپیان دەکرد. لەبەرامبەریشدا، لایەنگرانی ترەمپ لە هەمان شوێن خۆپێشاندانیان کرد و داوای بێتاوانبوونی ترەمپی تەمەن 77 ساڵیان کرد.
لە دوای خوێندنەوەی تۆمەتەکان لەلایەن دادوەرەوە، ترەمپ بە کەفالەت ئازاد کرا و هەروەها بە مەرجی ئەوەی پابەندبێت بەهەموو رێکارە یاساییەکانی کەیسەکە، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک باسی کەیسەکە و تۆمەتەکان لەگەڵ کەس بکات.
دانیشتنی دووەمی ئەو دۆسیەیەش بڕیارە لە 28ی ئاب بەڕێوەبچێت.
لە دوای پرۆسەی دادگەییکردنەکەش، ترەمپ لە فڕۆکەخانە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: "دادگەییکردنێکی سیاسییە" تەنیا بۆ ئەوەیە لە بەربژێربوونی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2024 دووریبخەنەوە.
ترەمپ، کە یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکانی کۆمارییەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە، رایگەیاند: "ئەمە رۆژێکی خەمناکە بۆ ئەمریکا. ئەگەر بەسەریدا سەرنەکەون، ئەوا دادگەییت دەکەن، ناکرێت رێگە بدرێت ئەمە لە ئەمریکا رووبدات".
ئەمە دووەمجارە ترەمپ لەلایەن ئەو راوێژکارییە یاساییە تۆمەتبار دەکرێت و لە مانگی حوزەیرانی رابردووش کۆمەڵێک تۆمەتی لە بارەی شاردنەوەی بەڵگەنامەی نهێنی و هەستیاری حکومەتی ئەمریکا گواستنەوەی بۆ ڤێلاکەی لە فلۆریدا ئاراستە کرابوو. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی یاسای ئەمریکا نابێت هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکە فەرمییەکەی بەڵگەنامەی حکومەت لەگەڵ خۆی ببات.
لەسەر ئەو تۆمەتانە، بڕیارە ترەمپ لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو بچێتە بەردەم دادگە. بێجگە لەو کەیسە، ترەمپ لەلایەن دادگەیەکی نیویۆڕکەوە تۆمەتبار کرا بەوەی لەساڵی 2016، بەرتیلی بە پۆرن ستارێک بە ناوی ستۆرمی دانیاڵس داوە، تاوەکو پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاشکرا نەکات.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، چاوەڕێ دەکرێت لە ویلایەتی جۆرجیا، ترەمپ رووبەڕووی چەند تۆمەتێکی نوێ بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی هەوڵ و گوشارەکانی بۆ سەر بەرپرسانی ئەو ویلایەتە تاوەکو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی جۆرجیا بگۆڕن.