جگە لە کار و پارێزگاران، پارتی دیکەی بەریتانیا رکابەری دەکەن؟

04-07-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کاژێر 7:00ـی بەیانی بە کاتی لەندەن [9:00 بە کاتی هەولێر] هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا دەستیپێکرد. 101 هاوپەیمانی و پارت کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 650 کورسی لە 650 بازنەدا دەکەن، واتە لە هەموو بازنەیەک تەنیا یەک نوێنەر هەڵدەبژێردێت. 
 
رکابەرییە گەرمەکە لە نێوان ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی ئێستای بەریتانیا و سەرۆکی پارتی پارێزگاران و کیەر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کارە. دوایین راپرسییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە پارتەکەی ستارمەر 431 کورسی و پارتی پارێزگارانیش 102 کورسی بەدەستدەهێنن. ئەگەر ئەوە راستبێت، واتا پارتی کار 229 کورسیی زیاتر لە هەڵبژاردنی 2019 و پارتەکەی سووناکیش 263 کەمتر بەراورد بەوکات بەدەستدەهێنن.
 
پارت و سەرۆک بەرچاوەکانی هەڵبژاردنی بەریتانیا
 
هەر پارتێک پێویستیی بە 326 کورسییە بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە، حکومەتی پێنج ساڵی داهاتوو پێکبهێنێت و سەرۆکەکەشی ببێتە سەرۆکوەزیران. هەرچەندە راپرسییەکان ئەوەیان یەکلاکردووەتەوە کە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، بەگوێرەی ژمارەکان، بۆ کیەر ستامەر دەبێت، بەڵام چەند پارت و سەرۆکێکی دیکەش رکابەری دەکەن. 
 
پارتی لیبراڵ دیموکراتەکان بە سەرکردایەتیی ئێد دەیڤی
 
لیبراڵ دیموکراتەکان چەپی میانڕەون، لە ماوەی پێنج ساڵدا چوار جار سەرۆکەکەیان گۆڕی و دوایین جار ئێدی 58 ساڵ بوو. لە هەڵبژاردنی 2019ـی بەریتانیادا پارتەکە 15 کورسییان بەدەستهێنا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، دوایین راپرسی پیشانیداوە ئەو پارتە 72 کورسی لە هەڵببژاردنی ئەم ساڵ دەهێنێت.
 
ئێد دەیڤی، لە 2020ـەوە سەرۆکی پارتەکەیە و پێشتریش بۆ ماوەی ساڵێک جێگری سەرۆکی ئەو پارتە بووە. لە نێوان 2017 بۆ 2024ـیش ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا بوو. لە 1965 لە شاری نۆتینگهامشێر لە بەریتانیا لەدایکبووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فەلەسەفە، سیاسەت و ئابووریدا هەیە. دەیڤی لە 1997 بووە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا.
 
پارتی چاکسازیی بەریتانیا بە سەرکردایەتیی نایجڵ فەراج  
 
پارتی چاکسازیی بەریتانیا پارتێکی راستڕۆی پۆپولیستە. لە ساڵی 2018 بەناوی پارتی برێگزیت دامەزرا و بانگەشەی بۆ دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەرووپا کرد، لە ماوەی پەتای کۆرۆناشدا پشتگیریی کەرەنتینی نەکرد. پارتەکە تەنیا یەک کورسی هەیە و پێشبینی دەکرێت سێ کورسی دیکە بەدەستبهێنێت.
 
ئەوەی زۆر لەبارەی ناجڵ فەراجی 60 ساڵ باس دەکرێت ئەوەیە؛ کەسێکی دژە کۆچبەرە، هەوڵی زۆریدا بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا دەرچێت، حەوت جار خۆی بۆ پەرلەمان بەربژێر کردووە و دەرنەچووە و پێشتر سەرۆکی پارتی سەربەخۆی بەریتانیا بووە.
 
پارتی نیشتمانیی سکۆتلاند SNP بە سەرکردایەتیی جۆن سوینی
 
جۆن سوینیی 60 ساڵ، سێیەم سەرۆکی پارتی نیشتمانیی سکۆتلاندە لە ماوەی ساڵێکدا. دوایین راپرسی ئەوەی پیشانداوە کە پێشبینی دەکرێت پارتی SNP لەو هەڵبژاردنە 18 کورسی بەدەستبهێنێت، ئەمەش واتا 30 کورسیی کەمتر بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو. 
 
جۆن سوینی لە 1964 لە ئێدنبرەی سکۆتلاند لە دایکبووە. لە ساڵی 1986 ماستەری فەخریی لە سیاسەت لە زانکۆی ئێدنبرە بەدەستهێناوە. لە تەمەنی 15 ساڵییەوە چووەتە نێو پارتی نیشتمانیی سکۆتلاند و لە تەمەنی 22 ساڵی وەک سکرتێریی نیشتمانیی پارتەکە دەستنیشان کرا. لە ساڵی 1997 بووە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا و لە ساڵی 1999 وەک ئەندام پەرلەمانی سکۆتلاند دەستبەکاربوو. 
 
پارتی سەوز بە سەرکردایەتیی کارلا دێنیەر و ئادریان رامزای
 
پارتی سەوز، پارتێکی ژینگەپارێز و چەپڕۆیە. تەنیا یەک کورسی لە پەرلەمانی بەریتانیا هەیە. راپرسییەکان پێشبینی دەکەن پارتەکە کورسییەکی دیکە بەدەستبهێنێت. کارلا دێنیەر، ئەندازیاری میکانیکییە و لە ساڵی 2011ـەوە لە پارتی سەوزە. لە ساڵی 2021 لەگەڵ ئادریان رامزای، وەک هاوسەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردران.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە