46 ملیۆن کەس لە شانشینی یەکگرتوو دەنگدەدەن؛ کار یان پارێزگاران دەیبەنەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لە ئینگلاند، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن.
هەڵبژاردنەکە لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک پرس و کێشە، خەڵکی شانشینەکەی بێزارکردووە. راپرسییەکان پێشانیدەدەن، پارتی پارێزگاران، دوای 14 ساڵ، لە فەرمانڕەوایی بەریتانیا دووردەخرێتەوە و پارتی کار، کە تاوەکو ئێستا ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی بووە، شوێنی دەگرێتەوە.
گرانی، خاوبوونی گەشەی ئابووری، خراپی خزمەتگوزاریی تەندروستی و ژێرخان، خەڵکیان لە پارتی پارێزگاران توڕە کردووە.
چاوەڕواندەکرێت پارتی کار، کە پارتێکی مەیلەو چەپە، زۆرترین دەنگ بەدەستبێنێت.
هەروەها پارتێکی نوێی پۆپۆلیست بە ناوی پارتی ریفۆرم بە سەرکردایەتیی نایجل فەراج دروستبووە کە چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی گەورەی دەنگە راستڕۆکانی پارتی پارێزگاران بۆ خۆی ببات.
نایجل فەراج داکۆکیکارێکی سەرەکی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بوو. پارتێکی لە ساڵی 2019 بە ناوی برێکزیت دامەزراندبوو و دواتر لە 2021 ناوەکەی گۆڕی بۆ ریفۆرم.
فەراج دەڵێت، "وڵاتەکەمان دەگەڕێنینەوە".
دژبەران و رەخنەگرانی فەراج، تۆمەتباری دەکەن بەوەی نەژادپەرستی لە دژی کۆچبەران دەکات و گلەیی خراپبوونی بارودۆخ دەخاتە ئەستۆی ئەوان.
رەخنەگران دەڵێن، کەمکردنەوەی بودجەی قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان و نیشتەجێبوون لە ماوەی حکومەتە راستڕۆ و چەپڕۆکاندا، رەگ و ریشەی کێشەکانە، نەک کۆچبەران.
هەڵبژاردنەکە چۆن دەکرێت؟
خەڵکی سەرانسەری شانشینی یەکگرتوو، واتە ئینگلاند، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور، 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێرێن.
لە هەر بازنەیەک، تەنیا یەک بەربژێر دەیباتەوە. هەڵبژاردنەکە تەنیا بە یەک گەڕ دەکرێت.
لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بازنەکە دەباتەوە، تەنانەت ئەگەر 50٪ـش تێنەپەڕێنێت. ئەمەش وایکردووە دوو پارتی هەرە گەورەی وڵاتەکە، واتە پارێزگاران و کار، لە هەموو هەڵبژاردنێکدا باڵادەست بن، چونکە بۆ پارتە بچووکەکانی دیکە، زەحمەتە کورسی بەدەستبێنن، مەگەر لە شوێنێکی دیاریکراو نەبێت کە جەماوەرەکەیان تێدا چڕبووبێتەوە.
سەرۆکوەزیران چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
ئەو پارتە یان هاوپەیمانییەی کە زۆترین کورسییان لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، حکومەتی نوێ پێکدێنێت و سەرکردەکەیشی دەبێتە سەرۆکوەزیران.
واتە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، ئاراستەی سیاسیی حکومەت دیاریدەکات، کە لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، لە ژێر جڵەوی پارتی پارێزگارانی راستڕۆی میانڕۆدا بووە.
پارتی چەپڕۆی میانڕۆی کار، بە بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دادەنرێت.
بۆچی پارێزگاران لەژێر گوشاردان؟
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2010ـەوە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، ئاڵنگاری دوای ئاڵنگاری رووی لە پارێزگاران کردووە. سەرەتا گیرۆدەی کاریگەریی قەیرانی دارایی جیهانی بوون، کە لە ئەنجامیدا قەرزەکانی بەریتانیا زیادبوون و پارێزگاران ناچاربوون چەند ساڵێک سیاسەتی سکهەڵگوشین پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە بودجەدا دروستبکەن.
دوای ئەوە سەرکردایەتیی چوونەدەرەوەی بەریتانیایان لە یەکێتیی ئەوروپادا کرد، پاشان پەتای کۆرۆنای بەسەردا هات کە لە سەر ئاستی رۆژئاوای ئەورووپا، زۆرترین کەسی لەوێ کوشت. دوای ئەوەش، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا هەڵئاوسانی بەرزکردەوە.
بێ رەچاوکردنی ئەوەی بارودۆخ چۆن بووە، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران کێشەکانی بەریتانیا دەخەنە ئەستۆی پارێزگاران، لە شکانی ئاوەڕۆکانەوە بگرە، تاوەکو دەگاتە هێڵە ماندووەکانی شەمەندەفەر و زیادبوونی گرانی، تاوان و لێشاوی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی چووپ بە نۆکەندی ئینگلیزدا دەڕۆن.
لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە، ناوبانگی پارتەکە بەهۆی ئابڕووچوونی چەند بەرپرس و وەزیرێک، لەکەدار بووە.
دیارترین ئابڕووچوون ئەوەی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر بوو، کە لە ماوەی قەدەخەی گشتیدا لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە نووسینگەی خۆی ئاهەنگی سازکردبوو. بەهۆی ئەو ئابڕووچوونە، جۆنسن لە پۆستی سەرۆکوەزیران دوورخرایەوە. دواتریش دەرکەوت درۆی لەگەڵ پەرلەمانتاران کردووە، لە پەرلەمانیش دەرکرا. دوای ئەو، لیز ترەیس بووە سەرۆکوەزیران، کە بەهۆی شکستهێنانی لە دانانی نەخشەیەکی روون بۆ ئابووری، تەنیا 45 رۆژ لە پۆستەکەدا مایەوە و دەستی لە کارکێشایەوە.
کێشە گەورەکان چین؟
ئابووری
بەریتانیا بەدەست هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابوورییەوە دەناڵێنێت. ئەو دوو کێشە ئابوورییە، وایان کردووە زۆربەی خەڵکی وڵاتەکە هەست بکەن هەژارتر بوون. پارێزگاران سەرکەوتووبوون لە کەمکردنەوەی هەڵاوسان، بەجۆرێک لەئایاری ئەمساڵ گەیشتە 2٪، دوای ئەوەی لە ئۆکتۆبەری 2022 گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی کە 11.1٪ بوو. بەڵام گەشەی ئابووری بە خاوی ماوەتەوە، ئەوەش گومانی لەسەر سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەت دروستکردووە.
کۆچبەران:
لەم چەند ساڵەی رابردوودا، هەزاران کۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی چووپ بە نۆکەندی ئینگلزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. خەڵک دەڵێن، حکومەت جڵەوی سنوورەکانی بەریتانیای لەدەستداوە. سیاسەتی پارێزگاران بۆ وەستاندنی ئەو بەلەمانە ئەوەیە؛ بەشێکی کۆچبەرانی نایاسایی رەوانەی رواندا بکەن. رەخنەگران دەڵێن، ئەو پلانە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات، نامرۆڤانەیە و هیچ سوودێکی بۆ وەستاندنی ئەو خەڵەکە نابێت، کە لەبەر جەنگ، نائارامی و برسیێتی هەڵدێن.
چاودێریی تەندروستی:
فەرمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS) کە بێبەرامبەر خزمەتگوزاری چاودێریی تەندروستی بۆ هەمووان دابیندەکات، بەدەست ژمارەیەک کێشەوە دەناڵێنێت، لیستێکی دوورودرێژی خەڵکی لەپێشە بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ دابین بکات، لە چارەسەری ددانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە شێرپەنجە.
رۆژنامەکانی بەریتانیا پڕن لە چیرۆکی ئەوانەی نەخۆشیی قورسیان هەیە، بۆ نموونە، بۆ گەیشتنی ئەمبیوڵانسێک، دەبێت چەند کاژێرێک چاوەڕوان بکەن و پاشانیش ماوەیەکی زیاتر لە چاوەڕوانیی دەستکەوتنی قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانەدا بمێننەوە.
ژینگە:
سووناک پشتی لە ژمارەیەک بەڵێنی پەیوەست بە ژینگە کردووە، وادەی کۆتاییهێنان بە فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین و گازوایل کاردەکەن، پاشخستووە و مۆڵەتی داوە بیری نوێی نەوت لە دەریای باکوور لێ بدرێت. رەخنەگران دەڵێن، ئەم سیاسەتانە هەڵەن، لە کاتێکدا جیهان هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات.
بۆچی ئێستا هەڵبژاردنەکە دەکرێت؟
شەش هەفتە لەمەوبەر، سووناک رەخنەگران و پەرلەمانتارەکانی پارتەکەشی تووشی سەرسووڕمان کرد، کاتێک 4ـی تەممووزی بە رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشانکرد، سێ مانگ زووتر لەوەی چاوەڕواندەکرا.
لە کاتێکدا زۆربەی چاودێران پێیانوابوو هەڵبژاردنەکە لە پاییزدا دەکرێت، سووناک بڕیاریدا لە هاوین بکرێن، بەو هیوایەی هەندێ هەواڵی خۆشی ئابووری، بڕوای ئەوە لای دەنگدەران دروستبکەن کە سیاسەتەکانی پارێزگاران خەریکە سەردەگرن.
ئەم خولەی پەرلەمانی بەریتانیا لە نێوەڕاستی کانوونی یەکەم تەواودەبێت. پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکوەزیران دەتوانێت لە هەر کاتێکدا پێی باش بوو، داوای هەڵبژاردن بکات.