بەرپرسانی کالیفۆرنیا: ئاگری دارستانەکان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 26 هەزار کەس

04-07-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا رایانگەیاند، ئاگرێکی گەورە دارستانەکانی باکووری ویلایەتەکەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە 26 هەزار کەس ئاوارە بوون؛ ئەمە لە کاتێکدایە شەپۆلێکی گەرمای بەهێزیش ئەو ناوچانەی گرتووەتەوە. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی بەرگریی شارستانیی کالیفۆرنیا، ئاگرەکە کە لە رۆژی سێشەممە 02-07-2024، دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی سوتاندنی 12 کیلۆمەتر دووجای دارستانەکانی ئەو ناوچەیە. هەروەها، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان، بەڵام بەهۆی خێرایی باوە تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراون. 
 
گەرما بە "هۆکاری سەرەکی" ئاگری کالیفۆرنیا دادەندرێت. گارێت شلۆود، بەرپرسی پۆلیسی ناوچەی بەت لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئەم هاوینە دۆخی گەرمای ناوچەکە زۆر جیاوازە لەو گەرمایەی دوو ساڵی پێشوو هەمان بوو." دەشڵێت، گیا زەرد و وشکە و بایەکەش بە خێرایی ئاگرەکە بڵاودەکاتەوە.
 
نیک شولەر، جێگری بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی کالیفۆرنیا رایگەیاند، "دوو ساڵی پێشوو دۆخی کالیفۆرنیا باش بوو، بەڵام لەم چەند مانگەی ئەم ساڵدا سووتانی دارستانەکان 16% زیادیکردووە." 
 
سووتانی دارستانەکانی ئەو ناوچەیەی ئەمریکا لە کاتێکدایە گەرمایەکی بەهێز ئەو ناوچەیەی گرتووەتەوە و بە گوێرەی ئاژانسی کەشوهەوای ئەو وڵاتە، پلەی گەرمی لەنێوان 44 بۆ 46 پلەی سیلیزی دایە.
 
لەبارەی گەرماکەوە ئاژانسەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، "دۆخێکی مەترسیدار لە رێگایە و بەرەو شەپۆلی گەرمای بەهێز، مێژووی، بکوژ و درێژ دەچین."
 
بە گوێرەی سەنتەری نیشتمانی ژینگەی ئەمریکا، پار 55 هەزار و 571 ئاگر لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە کەوتنەوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی 11 هەزار کیلۆمەتر دووجا دارستان سووتا، لە کاتێکدا پێش دوو ساڵ 66 هەزار و 255 ئاگر لە دارستانەکان کەوتنەوە و بەهۆیانەوە نزیکەی 30 هەزار کیلۆمەتر دووجا دارستان سووتان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان