پەرلەمانی بەریتانیا هەڵدەبژێردرێت و دوو رکابەرە گەورەکە هێرش دەکەنە سەریەکدی

04-07-2024
تەنیا ئەحمەد
هەر پارتێک پێویستیی بە 392 کورسییە بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنێت
هەر پارتێک پێویستیی بە 392 کورسییە بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک و لایەنگرانی پارتی کار لە دوایین بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، بە باوەڕبەخۆبوونێکی زۆرەوە دەرکەوتن. سەرۆکی پارتە چەپڕۆ میانڕۆکە هۆشداریی دەداتە بەریتانییەکان کە ئیدی کاتی پارتی پارێزگاران بەسەرچووە و، وادەی گۆڕانکارییە.
 
کیەر ستامەر، سەرکردەی پارتی کار گوتی "14 ساڵی ئاژاوە، دابەشبوون و شکستمان بەڕێکرد، هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کۆتایی بەوانە بێت، پەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە و لەگەڵ پارتی کار دەست بە بنیاتنانەوە بکەین. ئەگەر ئەوان رۆژی هەینی بگەڕێنەوە و پێنج ساڵی دیکە حوکم بکەن، هیچ شتێکی نوێمان نابێت.هەموو شتێک وەکو خۆی دەبێت."
 
هەروەها دەڵێ پارتی پارێزگاران "لە بانگەشەکانیاندا ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە. کە دەڵێم ئاژاوە، دابەشبوون و شکست، مەبەستم ئەوەیە ئەوان لەو بانگەشەیە ئەوەیان پیشانی ئێمە داوە. هیچ شتێک گۆڕانی بەسەردا نایەت."
 
ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیایە لە دوای دەرچوونی وڵاتەکە لە یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە لە 650 بازنە و بۆ هەڵبژاردنی 650 نوێنەرە. 
 
هەر پارتێک پێویستیی بە 392 کورسییە بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنێت. 101 پارت و هاوپەیمانی لەگەڵ 459 بەربژێری سەربەخۆ کێبڕکێ دەکەن، بەڵام رکابەرییە گەورەکە لەنێوان پارتی پارێزگارانی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و پارتەکەی ستامەرە.
 
پارێزگاران لە راپرسییەکاندا دۆخیان باش نییە، سووناک بەناچاری پەنای بردووەتە بەر بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتری بۆ رازی بکات دەنگ بە پارتەکەی بدەن.
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریی پارتەکەیدا گوتی "دڵخۆش بووم کە ریشی سووناک داوای یارمەتیی کرد، منیش نەمتوانی بڵێم نا. من بۆ یەک هۆکار لێرەم، کە هەمان ئەو هۆکارەیە ئێوە و هەموومانی لێرە کۆکردووەتەوە."
 
راشیگەیاند "ئێمە لێرەین چونکە وڵاتی خۆمان خۆشدەوێت. جیاوازییەکانمان هەرچییەک بن، بایەخیان هێندەی ئەو کارەساتە نابێت، ئەگەر ئەو راپرسییانە راست بن. کەسمان ناتوانین دابنیشین و سەیربکەین. پارتی کار چەکووشی دەنگی زۆرینە بەکاربهێنێت بۆ رووخاندنی ئەو شتانەی ئێمە و ئێوە بەدەستمانهێناون."
 
ئابووریی خاو، باجی زۆر، کەمیی خزمەتگوزاری، گەندەڵیی و ئابڕووچوونی بەشێک لە سیاسەتڤان و بەرپرسانی پارێزگاران، خەڵكێکی زۆریان لە پارتەکە تۆراندووە.
 
بەڵام سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، هێشتا هیوای ماوە و لەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4-7-2024) داوای بەهاناوەچوونی دەنگدەران دەکات.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی "بۆریس راستدەکات کە دەڵێت 'ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو پارێزگاران یەکبگرن.' رێگە لە زۆرینەبوونی پارتی کار بگرن کە کیەر ستامەر دەیەوێت. دەبێت بەریتانیا لە مەترسیی حکومەتی پارتی کار بپارێزین."
 
تەمەنی هەر خولێکی پەرلەمانی بەریتانیا پێنج ساڵە و هەموو هاووڵاتییەکی تەمەن 18 ساڵ بەرەوژوور، مافی دەنگدانی تێدا هەیە. 
 
لەگەڵ داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، دوای چەند کاژێرێک و لە بەرەبەیانیی هەینی، 05-07-2024 ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن. ئەگەر پارتێک زۆرینەی بەدەستهێنا، راستەوخۆ سەرکردەی پارتەکە دەبێتە سەرۆکوەزیران. 
 
بەڵام ئەگەر هیچ پارتێک زۆرینەی نەهێنا، ئەوکات ئەو پارتەی زۆرترین دەنگی هێناوە، داوای پێکهێنانی هاوپەیمانی لە پارتەکانی دیکە دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە